عیراق بەفەرمی لەسەر چاوپێكەوتنەكەی رەغەد-ی كچی سەدام دێتەدەنگ

عێراق

26/02/2021     ژمارەی بینراو 1145

راچڵەكین –

حكومەتی عیراق بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەی رەغەد-ی كچە گەورەی سەدام حسێن ئاشكرا دەكات، وەزیری دەرەوەش دەڵێت: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو ناكات و بەهیچ جۆرێكیش حزبی بەعس ناگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسیی لە عیراقدا.
 
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەرییە رایگەیاند، حكومەتی عیراق داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەكردووە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بكات، كە بڕیارە رۆژی 10-10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، وتی:" تەنها داوامان كردووە میكانیزمێك پێشكەش بكەن بۆ یارمەتیدانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەڕێوەبردنی پرۆسەكەدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەئەگەری بەردەوامبوونی هێرشە مووشەكییەكان، هیچ چاودێرێكی نێودەوڵەتی ئامادە نابێت چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بكات.

وەزیری دەرەوەی عیراق ئاشكراشیكرد، عیراق دەوڵەتێكی دیموكراتییەو هیچ بەرەیەكی بەرهەڵستكاری تێدا نییە، ئەوانەشی لەپشت هێرشە مووشەكییەكانەوە دەوەستن، گروپی تیرۆریستین و لەدژی حكومەت و گەلی عیراق كاردەكەن.

سەبابەت بە دەركەوتنی رەغەد-ی كە گەورەی سەدام حسێن  لەكەناڵی سعودی و قسەكردنی لەبارەی دۆخی سیاسیی عیراق و بەشداریكردنی لە پرۆسەی سیاسیدا، فوئاد حسێن وتی:" عیراق هیچ كێشەیەكی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە بەهۆی ئەو چاوپێكەوتنە نابێت، دیدارەكەی كچە گەورەی سەدامیش هیچ نییە جگە لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی، حزبی بەعسیش بەهیچ جۆرێك جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە ناو شانۆی سیاسیی عیراق. 

هەفتەی رابردوو، رەغەد سەدام حسێن لەمیانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە-ی سعودی، باسی لە بارودۆخی سیاسیی عیراق كردو سەبارەت بەوەی ئایا خواستی هەیە لەداهاتوودا هیچ پۆستێكی سیاسی لەعیراق لەئەستۆ بگرێت، ووتی:" من هاوڵاتییەكی عیراقیم هەموو شتێكیش بۆی هەیە رووبدات و پێشنیارەكانیش لەو بارەیەوە لەبەردەستدان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن