فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر هێرشكردنە سەر غالب محەمەد دێتەدەنگ

کوردستان

26/02/2021     ژمارەی بینراو 218

راچڵەكین –

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد دەكات و داوای لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردن و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی رووداوەكەش دەكات.

لە راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە،" بەداخەوە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دەستێكی ترسنۆك هێرشی كردە سەر پەرلەمانتاری هاوڕێمان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق (غالب محەمەد) و برینداری كرد".

فراكسیۆنی یەكێتیی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وێڕای ئیدانەكردنی پەلاماردانی ئەو پەرلەمانتارە، راشیگەیاندووە،" داوای لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردن و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی دەكەین. هەروەك لەخوای گەورە داواكارین كە شیفا و تەندروستی خێرا بۆ هاوڕێمان بگەڕێنێتەوە".

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەشاری سلێمانی، لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە بەچەقۆ هێرشیكرایەسەر و چوار چەقۆی لێدا، دوای رەوانەكردنیشی بۆ نەخۆشخانەی شار و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، رەوانەی ماڵەوە كرایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن