نوخشە ناسح: ژنانی ئێمە دە ئەوەندەی ژنانی ئەوروپا بەتواناتر و چالاكترن

چاوپێکەوتن

08/03/2021     ژمارەی بینراو 1197

راچڵەكین-

قائیمقامی هەڵەبجە رەخنەی لە كەمی رێژەی ژنان دەگرێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دەڵێت:" دەبوو لەم كابینەیەی حكومەتدا ژمارەی ژنان زۆرتر بووایە...ژنانی ئێمە دەئەوەندەی ژنانی ئەوروپا بەتواناتر و چالاكترن."

نوخشە ناسح- قائیمقامی هەڵەبجە لە رۆژی 8ی مارس كە رۆژی جیهانی ژنانە دەربارەی ڕۆڵی ژنان لەدامودەزگاكانی بەڕێوەبردنی حكومیدا دەڵێت " بێگومان ئەگەر ئێمە باسی ڕۆڵی ژن بكەین لەدوای دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەتوانیین بڵێین لەچاو ئەوەی كەحكومەتەكە حكومەتێكی نوێ بوو دوای ساڵانێكی زۆر لەستەم و زوڵم و زۆرداری حكومەتی بەعس، لەئاستێكی باشدا بوو لەچاوخۆیدا ئەم ئاستە دەبووایە زیاتر بووایە بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو ناكۆكییە سیاسیانەی كە لەنێوان هەموو حیزبە سیاسیەكان و دواتریش ئەو ناكۆكییە سیاسیانەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند هەمووی ڕەنگدانەوەی هەبوو بۆ ڕۆڵی ژن و دەركەوتنی ڕۆڵی ژن هەم لەكایەی سیاسی و هەم لەكایەی حكومڕانیدا بۆیە دەتوانیین بڵێن لەدوای 2003 وە هەوڵدرا ژنان بهێنرێنە پێشەوە بەپێی تواناو چالاكیەكانی خۆیان بەڵام ئێمە وەكو ژنان ئەو هێنانە پێشەوەی ژنان هێشتا لەئاستی تموحی ئێمەدا نییە چونكە من وەكو كەسی خۆم هەمیشە هەستناكەم بڵێن دەبێت ژن بەئەندازەی پیاو بێت بۆ نموونە ئەگەر دە وەزارەت هەبێت پێنجی ژن بێت و پێنجی پیاو بێت دەبێت بەپێی توانای كەسەكان بێت لەبەرئەوەی چ ژن و پیاو مرۆڤن من ئاوا سەیری بابەتەكە دەكەم."

نوخشە ناسح، بەبشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئەگەر بێتەسەر ئەوەی حكومەت خۆی بڕیاربدات بۆ نموونە ئەگەر دە وەزارەت هەبێت ئەگەر لەوەزارەتە پلەباڵاكانەوە دەست پێبكەین پێنجی ژن بێت و پێنجی پیاو بێت ئەوكاتە حیزبەكانیش ناچاردەبن لەبەرئەوەی حكومڕانی ئەم حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر ڕێكەوتنی لایەنەسیاسیەكانە و بەشداربوونیانە لەحكومەتدا هەر بۆ نموونە كاتێك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شەش وەزارەتی بەردەكەوێت ئیجبار بكرێت كەسیانی هەردەبێت ژن بێت، من دڵنیام لەسەرجەم حیزبەكاندا ژنی زۆر بەتوانا زۆر لێهاتوو هەیە ئەزموونیشمان هەیە ژنانی پێشووتر كەوەزیر بوون یاخود بەڕێوەبەری گشتی بوون یان بریكاری وەزیر بوون چەند بەتوانابوون و چەند بێ كێشە بوون و توانیویانە جێ دەستیان دیاربێت، واتە تاقیكراونەتەوە، بەڵام ئەوەتا دەبینیین لەهەموو ئەنجوومەنی وەزیراندا لەكۆی 15-16 وەزارەتدا تەنها سێ ژن وەزیرن."

 نوخشە ناسح لەبارەی ئەوەی حیزبەكان متمانەیان بە ژنان نییە یان ژنان خۆیان هەوڵی بەشداریكردن لەپڕۆسەی سیاسی و حكومڕانی نادەن و ژمارەیان زۆر كەمە؟ دەڵێت:" تا ئەم ساتە دیارە حیزبەكان متمانەیەكی وایان نییە ئەگەر متمانەیان هەبووایە بۆنموونە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەندە ژنی بەتوانا و چاك پێشكەشی كردووە بۆ وەزیری لەگەڵ ڕێزمدا لەپیاوەكان زۆر زۆر باشتربوون بەڵام پیاوەكان دانراون وەكو وتم هەتا ئێستاش ئەم ڕێژەی ژنانە كەبەشدارن لەچاو تموحی ئێمەدا نییە ئینجا بابێنە خوارەوە باسی بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بكەین واتە ئێمە ئێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی من تەنها ژنم كەقایمقامم لەدوای منیشەوە دوو ژنی دیكەش لەسنوری پارێزگای هەولێردا كران بەقائیمقام بۆ دەبێت وابێت؟ بۆچی زۆر نەبێت؟"

نوخشە ناسیح سەبارەت بەوەی ئایا لەڕووی ئیداریەوە خەڵك هەڵسەنگاندنی بۆ كاروباری ژنەكان چۆنە بۆ نمونە ئێستا تۆ كە لەپۆستی قائیمقامی وە پێش تۆ كە پیاوێك قائیمقام بووە یاپۆستەكانی تر بەگشتی؟ وەڵامەكەی قائیمقامی هەڵەبجە بەمجۆرە بوو" من نامەوێ باسی شەخسی خۆم بكەم وەك وەسف بەڵام باسی قسەی خەڵكە، ئەوەی كەگوێم لێبووە منیان زۆر زۆر بەدڵتربووە لەئیشوكاری پیاوەكان لەپۆستی قائیمقامیەت چونكە نەك من هەرچی ژنێك لەپۆستی ئیداریدا بووە زانستیش هەروایە ژن بەتەحەمولترە و وردترە و بەئارامترە لەئیشوكاردا واتە دەتوانێت ئیشەكان زۆر باشتر بكات لەچاو پیاواندا ئەمە قسەی ئێمە نییە بەڵكو لێكدانەوەیەكی زانستیە كەباسدەكرێت من هەرگیز پێیان نەوتووم پیاوێك لەتۆ باشترە باشاهێدی ئەوە بدەم من حیزبەكەی خۆم پشتیوانی كردووم و گەیشتومەتە ئەو ئاستە وەكو وتم دەكرێت لەبری قائیمقامێك چوار قائیمقام هەبێت لەبری وەزیرێك پێنج وەزێر هەبێت."

قائیمقامی هەڵەبجە ڕوونكردنەوەی زیاتری لەسەر قسەكانی داو دەڵێت" مەبەستمان ئەوە نییە پیاو چەندبێت ژنیش ئەوەندە بێت، باژنەكان زۆرتربێت با لەم كابینەیەدا ژنەكان زۆرتر بن هەروەكو ئەزموونێك بیانوتایە چۆنە ئەگەر سەیری ئەو وڵاتە پێشكەوتوانەی تر بكەین لەئاستی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفەریقا و ئەو وڵاتانە واتە ئەو وڵاتانەی كەژن دەیبات بەڕێوە و زۆرترین وەزیر و بەڕێوەبەرەكانی ژنە خۆشگوزەرانی زۆرتر تێدایە و ئاسایشی زۆرتر تێدایە دەتوانرێت سەیری ئەو وڵاتانە بكرێت ئەگەر پێمان وابێت ئێمە ژنی وامان نییە لەگەڵ ڕێزمدا ژنانی ئێمە دەئەوەندەی ژنانی ئەوروپا بەتواناتر و چالاكترن بۆیە ئێمە لێرەشدا ناوەستیین داوادەكەین و پێداگری دەكەین كەمەبەستیشمان بۆخۆمان نییە بەڵكو توانای ژنان دەبینیین جگە لەئیشی ئیداریش ئێمە لەكۆمەڵگەی مەدەنیدا باسی پارێزگای هەڵەبجە بكەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەچالاكی ڕۆشنبیریدا لەبواری ئیشی دەستدا و لەبواری توانا مرۆییەكاندا ئەوەندەی ژنی بەتوانامان هەیە پیاومان نییە ئەمە شتێكە لەبەرچاو دەبینرێت مەرج نییە هەر بڵێین لەبواری ئیداریدا ژن بهێنرێتە پێشەوە لەكۆمەڵگەی مەدەنیدا لەچالاكیەكانی تر لەئاستی بڕیارداندا."

قائیمقامی هەڵەبجە ئەوەشی وت:" تائێستا ئێمە نەمانبینی سەرۆك وەزیرانێك ژن بێت، سەرۆك هەرێم ژن بێت تەنانەت جێگرەكانیشیان ژن دانانێن لەبەرئەوە ئێمە لێرەوە داوادەكەین كەچاوێك بخشێننەوە بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان چاو بخشێنێتەوە بۆئەوەی كەجومگەكانی ئیدارەدانی زۆرترین ژنی تێدا بێت پێم وایە كارێكی زۆر باش دەكات دەتوانرێت وەكو ئەزموونێك بزانرێت ئەو حكومڕانییەی كەزۆرترین ژن بیبات بەڕێوە چۆنە ئەداكەی چۆنە و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن تاوەكو بەچاوی خۆیان بەتەواوەتی بیبینن كە توانی ژنەكان چۆنە؟"

"من خۆم نزیكەی یانزە ساڵ لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی بووم كۆتا پۆستیشم لەوێ بەڕێوەبەری بەشی یاسایی بووم و ئەفسەر بووم دواتریش حەوت ساڵیش لەبیارە بەڕێوەبەری ناحیە بووم و ئێستاش چوار ساڵە قائیمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەم بێگومان هیچ ئشێك لەژیاندا بەبێ كۆسپ و بەبێ گرفت نابێت ئەمە تەنها بۆ ژنیش نییە بۆ پیاویش هەیە بەڵام لەكۆمەڵگەی ئێمەدا بەتایبەتی و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی گرفتەكانی ژنەكان زۆرتر زەق دەبێتەوە یان زۆرتر باسدەكرێت ئەگەرنا لەبواری كارگێڕی و سیاسیشی وئیداری و تەنانەت لە ماڵێكیشدا لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە گرفتەكان هەیە چ بۆ پیاویش و چ بۆ ژنیش بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم ژن و پیاوە چۆن بتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم كۆسپەدا بەتایبەتی."نوخشە ناسح قائیمقامی هەڵەبجە وایوت"

نوخشە ناسح ڕاشیگەیاند:" من تائێستا هیچ گرفتێكی وا نەهاتووە بەردەمم لەبەرئەوەی كەژن بم خۆشبەختانە لەسنورەكەی خۆشمدا من خۆم خەڵكی ئەم ناوچەیەم، وە خەڵكەكەی ئێمەش لەخوابەزیاد بێت زۆر زۆر كراوەیە زۆر پشتیوانیشیان كردووم بۆئەوەی كە ئیشوكارەكانی خۆم بكەم ئەدای خۆم بكەم بگرە هاوكارم بوون بۆئەوەی كە بتوانم هەم خزمەتیش بكەم هەم خۆشم بەرەوپێشەوە بڕۆم."

قائیمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەكرد" پێم وایە هەموو حیزبێك حەز دەكات پێشەنگ بێت لەپێشكەشكردنی كاری جوان لەوەی نموونەی جوان لەناوحیزبەكەیدا پێشكەش بكات، بۆ نموونە پۆستێك بدات بەژنێك كەتوانای هەبێت بەڵام هەندێكجار ئەو ڕێگرە سیاسی و ئیداریانە وادەكات، ئێمەش هەندێكجار خەتای خۆمانی تێدایە كاتێك كەژنێك كاندید دەكرێت بۆ پۆستێك پێویستە زۆرترین ژن پشتگیری بكات نەك زۆرترین پیاو پشتگیری بكات بۆ ئەوەی پێداگیری بكرێت لەسەر ئەوكارە، ئێستا ئێمە نموونەیەكی جوانمان هەیە (ڕێواس خان) كە سەرۆكی پەرلەمانە ئەمە نموونەیەكی جوانە هەم بۆ هەرێمی كوردستان و هەم بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەرحیزبێكی تریش بێت لەئایندەدا بەهەمان شێوە بۆ وەزیرەكانیش پێموایە ئەوان كاریان كردووە بەڵام وەكو وتم تائێستا لەچاو تموحی ئێمە ژنان و خانماندا نییە ئەگەرنا بڵێین كاریان نەكردووە بۆ بەرەو پێشچوونی ژنان ئەوە غەدر دەكەین لەبەرئەوەی لەچاو ساڵانی پێشووتردا باشترە ئومێد دەكەین لەداهاتووشدا بۆ كابینەی داهاتوو ژنی زیاتر هەبێت و تواناكانی ژنان بخرێتە خزمەتی خەڵكەوە."

نوخشە ناسح لەكۆتایی وتووێژەكەدا وتی:" پێموایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشەنگ بووە لەوەی كەژن هێناوەتە پێش، ئەوەتا سەرۆكی پەرلەمانی ژنە، وەزیری ژنی هەیە، بریكاری وەزیری ژنی هەیە، قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتی هەیە ئێمە تەنها باسی حیزبەكەی خۆم ناكەم ئەگەر باسی حیزبەكەی خۆم بكەم لەوانەیە لەهەموو حیزبەكانی تر باشتر بێت بەڵام باسی كۆی ئیدارەدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم وەكو وتم ئەگەر بكرێت بەبڕیار چۆن بەكۆتا بڕیاردراوە ژنان25% بن دەكرێت بۆ ئیدارەدانی ئەم وڵاتەش ڕێژەیەك دابنرێت ئەوكاتە حیزبەكان ناچاردەبن بۆ نموونە لەنێوان من و هاوڕێیەكی پیاودا دەتوانرێت ئەوكاتە بەئیجباری من دابنرێت لەوانەیە تواناكانی هەردووكیشمان وەكو یەك وابێت، واتە ئێمە مەبەستیشمان ئەوەیە كەژن بێتەپێشەوە خوانەخواستە بۆئەوە نییە كەهەر ژن بێت هەر چەندایەتیمان ناوێت بەڵكو چۆنایەتیمان دەوێت توانای ژنمان دەوێت بتوانێت بەشێوەیەك بێت كەخزمەتێكی باش بەمیللەتەكەی بكات ئەگەرنا مەبەستمان ئەوە نییە هەر ژن بێت و تەواو."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن