وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا وەڵامی پرسیارەکانی هاووڵاتییان دەداتەوە

چاوپێکەوتن

10/03/2021     ژمارەی بینراو 98

راچڵەکین-

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ‌هه‌رێمی كوردستان تاكو ئێستا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ ‌ته‌واوی پێداویستییه‌كان بۆ خه‌ڵك دابین بكات بۆ به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و په‌تایه ‌و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م ڤایرۆسه‌ بوون.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:" له ‌ئه‌نجامی هه‌وڵه ‌به‌رده‌وامه‌كانی حكوومه‌ت، له ‌ڕۆژی 2/3/2021 یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌كۆرۆنا كه ‌بریتی بوو لە ‌5000 پێنج هه‌زار ژه‌م و لەلایه‌ن حكوومه‌تی چین به‌شێوه‌ی به‌خشین دابینكرابوو، گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و دواتریش به‌سه‌ر سه‌نته‌ره‌كانی پێكوته‌ لە پارێزگا و ئیداره ‌سه‌ربه‌خۆكان دابه‌ش كرا:.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسیارمان لە هاووڵاتییان کرد، کە هەرشتێک لەبارەی پرۆسەی کوتان بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لایان ناڕوونە، یان پرسیارێکیان بۆ دروست بووە، بۆمان بنووسن و وەڵامیان دەدەینەوە، بۆیە لێرەدا لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە وەڵامی دیارترین پرسیارەکانی هاووڵاتییان دەدەینەوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی هاووڵاتییانی داوەتەوە سەبارەت بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا:

پرسیار: لە هەرێمی کوردستان کێن ئه‌وانه‌ی ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان لێدەدرێت؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی: بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م ڤاكسینه‌ ئێمه‌ پۆلێنبه‌ندییه‌كمان كردووه‌. له‌سه‌ره‌تادا ئەو گرووپانەی مەترسییان لەسەرە له‌ ستافی پزیشكان و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی ته‌ندروستی، هێزه‌كانی ناوخۆ و دواتر ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ساڵاچووان.

پرسیار: هەرێمی کوردستان چ جۆرە ڤاکسینێکی دژی کۆرۆنا بەکاردەهێنێت؟
د. ئاسۆ حه‌وێزی: جگه ‌له‌و ڤاكسینه‌ی گه‌یشتووه‌ (ڤاکسینی سینۆفارمی چین) ئێمه‌ به‌شمان له‌ ڤاكسینی ئه‌سترازینیكای به‌ریتانیش هه‌یه‌، كه ‌له‌رێگه‌ی عێراقه‌وه‌ بۆمان دێت، هه‌روه‌ها دانیشتنمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڤایزه‌ریش هه‌یه ‌تاكو بتوانین خۆمان ئه‌و ڤاكسینه ‌دابین بكه‌ین.

پرسیار: کوتان بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا، هیچ سوودێکی دەبێت؟
د. ئاسۆ حه‌وێزی: به‌دڵنیاییه‌وه‌، وه‌رگرتنی ئه‌م ڤاکسینه ‌واده‌كات به‌رگری له‌ش زیاتر بێت و خانه‌كانی له‌شیش له‌ئاماده‌كارییه‌كی ته‌واو بن، بۆ ئەو کاتەی ئه‌م ڤایرۆسه ‌دێته ‌ناو له‌ش تاوەکو جەستە ‌شه‌ڕی ئه‌و ڤایرۆسه ‌بكات.

ئایا کوتان بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا سەلامەتە؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی : به‌ڵێ سه‌لامه‌ته‌، چونكه‌ئه‌و ڤاكسینانه‌ی دێنه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ناوه‌نده ‌ته‌ندروستییه‌كانی جیهانه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌و ئێمه‌ش پێوه‌ری زانستیی خۆمان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی جۆری ئه‌و ڤاكسینانه‌.

کاریگەریی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا تاکەی بەردەوام دەبێت؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی : ئه‌وه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ڤاكسینه‌كه‌ی لێ ده‌رچووه‌، بۆ نموونه‌ كۆمپانیای ڤایزه‌ر ده‌ڵێت ’’ 6 تاكو 8 مانگ كاریگه‌ریی ده‌بێت’’ بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ زانستییه‌كه‌ی روون بكاته‌وه‌، كۆمپانیا هه‌یه‌ده‌ڵێت ساڵێك یاخود دوای شه‌ش مانگ كاریگه‌رییه‌كه‌یان ده‌مێنێت.

پرسیار: ئەگەر تووشی پەتای کۆرۆنا بووبم، هەر پێویستیم بە کوتانە لەدژی ڤایرۆسەکە؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی: نه‌خێر، واباشتره‌ كه ‌ڤایرۆسه‌كه‌ت نه‌بێت ئینجا ئه‌م ژه‌مه‌ ڤاكسینه ‌وه‌ربگریت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی له‌شت به‌هێزتر بێت.

پرسیار: ڤاکسینی دژی کۆرۆنا چۆن بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی: دابه‌شكردنی ئه‌م ڤاكسینه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكان به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتووان ده‌بێت، واتا سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ئینجا هه‌ولێر و دواتریش دهۆك.

پرسیار: ئایا ئەو ڤاکسینەی ئێستا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان تەنها چارەسەری (کۆڤید_١٩) دەکات، یاخۆد چارەسەری کۆرۆنای گۆڕاویش دەکات؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی: هه‌تا ئێستا رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی (WHO) ئه‌وه‌ی پشتڕاست نه‌كردووەته‌وه‌ كه ‌ئه‌م ڤاكسینه ‌یاخود هه‌ر جۆرێكی دیكه‌، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆرۆنای نوێ هه‌بێت.

پرسیار: ئایا ڤاكسينەكه به مەرجى تەواوى ته ندروستى گواستنەوەى بۆ كرابوو يان نا؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی: به‌ڵێ، لە گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ڤاكسینه ‌بۆ هه‌رێمی كوردستان، ته‌واوی مه‌رجی ته‌ندروستی ره‌چاوكراوه‌.

پرسیار: ئایا وه‌رگرتنی ئه‌م ڤاكسینه ‌ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه ‌یاخود ناچارییه‌؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی: وه‌رگرتنی ڤاكسینی دژه‌كۆرۆنا ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و هیچ كه‌سێك ناچارناكرێت بۆ وه‌رگرتنی‌.

پرسیار: ڤاکسینەکە بێ بەرامبەرە یان بە پارەیە؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی : ئه‌م ڤاكسینه‌ و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش، كه ‌له‌ عێراقه‌وه ‌دێت هه‌مووی بێ به‌رامبه‌ر ده‌درێته‌ هاووڵاتییان.

پرسیار: هەتا کەی شەش ملیۆن ڤاکسین دەگاتە هەرێمی کوردستان؟
د. ئاسۆ حه‌وێزی: ئه‌مه‌یان كاته‌كه‌ی دیار نییه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی حكوومه‌ت ته‌واوی پاڵپشتی خۆی پی ڕاگه‌یاندووین بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا بتوانین ئه‌م بڕه‌ ڤاكسینه ‌دابین بكه‌ین.

پرسیار: لێدانی ڤاکسین، جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەش دەگرێتەوە کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی : له‌كاتی ئێستا، ئه‌و بڕه ‌ڤاكسینه‌ی ‌به‌رده‌سته، ‌بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمه‌، به‌ڵام ده‌كرێت له‌داهاتوودا به‌هه‌ماهه‌نگی و دابینكردنی بڕی زیاتر، به‌رنامه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌م ڤاكسینه ‌فراوانتر بكه‌ین.

پرسیار: لێدانی ڤاکسین، جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەش دەگرێتەوە کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن؟
د.ئاسۆ حه‌وێزی : له‌كاتی ئێستا، ئه‌و بڕه ‌ڤاكسینه‌ی ‌به‌رده‌سته، ‌بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمه‌، به‌ڵام ده‌كرێت له‌داهاتوودا به‌هه‌ماهه‌نگی و دابینكردنی بڕی زیاتر، به‌رنامه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌م ڤاكسینه ‌فراوانتر بكه‌ین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن