راچڵەکین-
سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانیان بەرەو سیدەکان بردبێت بۆ شەڕی پەکەکە هەروەها جوڵاندنی هێزەکانیشیان بەرەو سنوری شەنگال ڕەتدەکاتەوە.
حسێن یەزدان پەنا، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە "ئێمە ئەرکمان هەیە، خاکی هەرێم، سنوری هەرێم، پایتەختی هەرێم، خەڵکی هەرێم، سەرچاوە مادی و سروشتیەکانی، لەهەر کوێ و لەلایەن هەر هێزێکەوە بەر هەڕەشە بکەوێت، ئێمە لەوێین".
سەبارەت بە ناردنی بەشێک لە هێزەکانیان بۆ پاراستنی بیرە نەوتیەکانی گوێر، دەڵێت:" هەرکاتێک خەڵک و سنوری هەرێم، سەرچاوە سروشتیەکانی بکەوێتە بەر هەڕەشە، ئێمە ئامادەین بۆ پاراستنیان."
لە بارەی ئەوەی کە دەوترێت، پارتی دیموکرات هاوکارتانە، یاخود بودجەی هێزەکەتان لەسەر هەرێمە؟دەشڵێت:" ئەوە تەنها پڕوپاگەندەیە دژی ئێمە و هەرێم دەکرێت، با ڕوونی بکەمەوە، پێویست دەکات حکومەتی هەرێم پاڵپشتیمان بکات، پێویستە هاوپەیمانان پاڵپشتی دارایی و تەقەمەنی ئێمە بکات، بەڵام بەداخەوە، بەهۆکاری سادە، هاوکاری ئێمە ناکرێت، چونکە هێزەکانی ئێمە هەڵقوڵاوی دوو شەڕی گەورەن، شەڕی داعش، شەڕی مێژوویی پردێ، کاتێک سوپای عێراق و ئێران بەرەو پردێ هاتن، ئێمە یەک لەو هێزانە بووین، ڕۆڵمان لە تێکشکاندنیان هەبوو، بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، بابەتی هاوکاری ئێمە، بەشێکی بۆ دژایەتی هەرێم و بەشەکەی تری بۆ دژایەتی ئێمەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، چەک و تەقەمەنی و هاوکاری دەدەین، لەدەرەوەی ئەوە ناتوانین، پێمانوایە پاساوێکی بەهێز نیە. ئەوان نابێت بیر لەو ڕۆتیناتە بکەنەوە، ئێمە هێزێکین هەم هەرێم ڕۆڵی ئێمەی بینیووە و سوپاسی کردووین، هەم هاوپەیمانانیش خۆیان، دەوڵەت نیە لە نێو هاوپەیمانان سوپاسی ئێمەی نەکردبێ یان سوپاسنامەی بۆ ئێمە نەناردبێت، سەبارەت بەڕۆڵمان لەشەڕی داعشدا، باشە وەختێ ڕۆڵمان هەبووە، چ پێویست دەکات بەشێک بین لە وەزارەتی بیشمەرگە تا چەک و تەقەمەنیمان پێبدەن.
"لەگەڵ پەکەکە ئێمە وەکو پەیوەندی، نێوانمان ئاساییە، بەڵام لە دوو شتی گرنگدا، سنورمان تۆخە لەگەڵ پەکەکە، ئەو سیاسەتەی پەکەکە پیادەی دەکات بۆ دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان و بڕوای بە دەوڵەت ی کوردی نیە، پێیوایە نابێت، ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا بەش بکرێن، ئێمە بەڕاشکاوی دژی ئەو سیاسەتەین" سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان وادەڵێت.
لە کۆتایدا دەشڵێت:"ئێمە لەوەشدا لەگەڵ پەکەکە نین، هێزەکانی خۆی کۆبکاتەوە بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، یاخود بۆ دژایەتی لایەنێکی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم، جا هەر لایەنێک بێت، ئەمە ئەرکی هێزی کوردی پارچەکانی تر نیە، ئێمە نابێت ململانێیی یەکتری ، ئێمە دەبێت بەهەموومانەوە، ئەم خانۆچکەیە بپارێزین".