دوو چەكداری داعش لە كەركووك دەستگیركران

عێراق

06/04/2021     ژمارەی بینراو 562

راچڵەكین-

وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژە بەوەدەكات، پیلانێكی تیرۆریستییان بۆ بەئامانجكردنی كارمەندانی ئەمنی و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك، پووچەڵكردووەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە:" دوو تیرۆریست كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش داواكرابوون لە پارێزگای كەركووك لەلایەن ھێزەكانی ئاژانسی ھەواڵگرییەوە دەستگیركراون."

بەپێی راگەیەنراوەكە:" تیرۆریستە دەستگیركراوەكان لە لێكۆڵینەوە بەراییەكانییدا، دانیان بەوەداناوە كە لە ٢٠٢٠وە چوونەتە ناو داعش و راسپێردراون تا كارمەندانی ئەمنی و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك تیرۆر بكەن."

باس لەوەشكراوە:" دەستگیركراوەكان دوای وەرگرتنی وتەكانیان، دادوەریی لێكۆڵینەوە بڕیاریداوە رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتەبەر."

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، دەزگای هەواڵگری عیراق لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی هێزە ئەمنییەكانی كەركووكی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەری ئەوە هەیە چەند ناوچەیەك لە كەركووك بكرێنە ئامانج، لەوانە دادگای كەركووك، زیندانی گرتن و گواستنەوەی كەركووك، كە نزیكەی هەزار زیندانی تێدایە، بەشێكی زۆری زیندانییەكانیش ئەندامانی داعشن.
 
ئەو نووسراوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە بڵاوكراوەتەوە، باس لە دوو هەوڵی خۆكوژی بۆ سەر هەردوو دادگای كەركووك و زیندانی گرتن و گواستنەوەی كەركووك دەدرێت، باس لەوەش دەكرێت كە سەرەتا هەوڵەكان لە رێگەی بارهەڵگرەوە كە بلۆكیان باركردووە هێرش دەكەنە سەر دادگای كەركووك و زیندانی گرتن و گواستنەوەی كەركووك كە لەنێو فڕۆكەخانەی كەركووكە و هاوكات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك سنووریان بەیەوەكەوەیە.
 
هەروەها لە نووسراوەكە ئاماژە بەوە دراوە كە 14 كەس هێرشە خۆكوژییەكە ئەنجام دەدەن، ئەگەر ئەوە هەیە پێش هێرشەكان سەنتەری شاری كەركووك لە باشوورەوە لەلایەن ئەو چەكدارانەوە بۆمبباران بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن