سزادراوانی بادینان لەزیندانیانەوە پەیامیان هەیە

چاوپێکەوتن

09/04/2021     ژمارەی بینراو 420

راچڵەکین-

بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكییكردن لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دۆخی تەندروستی زیندانیان لە هەولێر خراپە و هەندێکیان توشی نەخۆشییەکانی پێست و سووربوونەوە بوون.

بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، چوار کەس تووشی کۆرۆنا بوون لە شوێنی زیندانی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکانی بادینان 135 کەس لەهۆڵێکی بچوکدا زیندانی کراون کەشوێنی 30 کەسە خۆی

دەشڵێت:" دوای 27 رۆژ لە داواکاری بۆ سەردانیکردنی زیندانیکراوانی بادینان رێگەیان پێدراوە لیژنەکەیان سەردانیان بکەن تەنها پێنج لەو سزادراوانە ببینین، دەشڵێت، "بارودۆخی زیندانییەکان زۆر خراپە و لە هۆڵێکدا 135 کەسی تێدایە و بەشێک لە زیندانیکراوەکانیش توشی نەخۆشی جۆراوجۆربوون و بارودۆخی دەرونی زۆربەشیان باش نییە.

بەدریە ئیسماعیل وتیشی:"لە یەک هۆڵدا 135 کەسی تێدایە، من وتەی خۆیان دەگوازمەوە، وتەی خۆیان لەسزادراوان دەڵێت لەژوورەکەمان زۆربەمان توشی هەستیاری پێست و سوربوونەوە و دروستبوونی زیپکە بووین هەتا یەکێک لەوانە دەستەواژەی گەڕیی بەکارهێنا (لەگەڵ ڕێزی تەواوم ) بەڵام خۆی ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا لەبەرئەوەی لەژوورەکەدا پاڵەپەستۆ و لۆدێکی زۆر هەیە دەڵێت لەکاتی خەوتندا بەیەکەوە کەپس دەبیین تەنها چوار بست مەسافەی ئیسراحەت و حەوانەوەمان هەیە، لەژوورەکەدا پاڵەپەستۆ و گازی پیس بوون و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆرە لەکاتێکدا ئێمە دەبیینن ڕێگری لە کەسوکارمان دەکرێت لەبەر مەترسی ڤایڕەسی کۆرۆنا بەڵام ئێمە موعەرەزترین بەوەی ئەو پاڵەپەستۆ و لۆدە زۆرە لەسەر هۆڵەکاندا هەیە کەبەپێی ستانداردی جیهانی نابێت لە 30-35 کەس زیاتری تێدا بێت بەداخەوە ئەوان 135 کەسن."

"ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە لەڕووی دەرونییەوە زۆر تێکشکاون بۆنموونە دەڵێن ئێمە شەش مانگە تەنها ڕووخساری خۆمان نەبینیووە و ئاوێنەیەکمان لەلا نییە، هەندێک ئەوەلیات و پێداویستیمان لەلا نییە، هەواڵی کەسوکارمان نازانین و وەکو پێویست نییە تەنها سەلام و کەلامێکی کورت و موختەسەر بەهەرحاڵ ئەوان لەڕووی دەرونیەوە زۆر ڕووخاون." بەدریە ئیسماعیل وا دەڵێت.

دەشڵێت:"یەکێک لەسزادراوان ناوی ناهێنم ئەوەی وت وتی من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم کێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبکرێت و ئەو شتەی بەرامبەری ڕووبەڕووی دەبێتەوە قبوڵی نەکات! "من ئەو قسەیەی ئەو دەگوازمەوە و هەموو هاوڕێکانیشم شایەتن کە ئەمەی وت."بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وایوت"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشتر چیتان کردووە وەک لیژنەکەتان لەسەر کەیسی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئێمە وەکو لیژنە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرفتەکە و دەستگیرکردنیانەوە لەسەرخەت بووین بەداخەوە پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ هەولێر، لەبادینان دووجار لیژنەکەمان چوو سەردانیان کردن ڕێگریمان لێکرا، وە پاشان ڕۆژی دادگایی کردنەکە کەڕەزامەندیمان لەدادوەر وەرگرت هەمان ڕۆژ هەر ڕێگریمان لێکرا لەنزیکەوە لەبارودۆخیان بزانیین، وەکو وتم بەچەند فلتەرێکدا تێپەڕی ئەم بابەتە ئینجا ڕەزامەندیمان بۆ وەرگیرا تۆزێک بەزەحمەت."

بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا بەبەرپرسانی ئاسایشتان وت لەسەر ئەو دۆخە خراپەی زیندانییەکان کەباست کرد؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی" ئەوانیش دەزانن و ئەوە ڕەتناکەنەوە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەرە لەڕووی دەرونییەوە ڕوخاون و لەڕووی جەستەییەوە ئەو گرفتە دیارەیان پێوە دەرکەوتووە ئەوانیش ئاگادارن بەڵام بەحکومی ئەوەی کەچاکسازی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە سزادراوانی ئەوێش هاتونەتە ئاسایش بۆیە ئەو لۆدە زۆرە لەسەر ئەوێ هەیە."

بەدریە ئیسماعیل ڕاشیگەیاند" ئێمە کەبەدواداچوونمان بۆ کردن نزیکەی چوار کەس لەشوێنی زیندانی کردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە توشی کۆرۆنا ببوون لە هۆڵەکاندا بۆنموونە هەر دوو سزادراوێک چۆتە هۆڵەکەوە و دابەشبوون بەسەر هۆڵەکاندا باسی چوار کەسیان کرد کەکۆرۆنای گرتووە لەناو هۆڵەکاندا لەگەڵ ئەو 135 کەسە بوون و ژیانیان بەیەکەوە بردۆتەسەر کەنیشانەکانیان لێدەرکەوتوون لەوانیان جیاکردونەتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن