وتەبێژی حكومەت باس لەرێژەی لێبڕینی مووچە دەكات بۆ مانگی 4

کوردستان

10/04/2021     ژمارەی بینراو 2097

راچڵەكین-

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پەسەندكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق، سەركەوتنێكی " مەعنەویە". دەشڵێت، هێشتا هیچ بەرچاو روونییەك نییە لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی مانگی 4ی فەرمانبەرانی هەرێم.

جووتیار عادل، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارن مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەش بكەن، بەڵام تائێستا رووننییە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە چۆن دەبێت، ئایا رێژەی لێبڕین وەك خۆی دەبێت یان كەمدەكرێتەوە وەیاخود بەبێ لێبڕین دەبێت.

وتیشی، لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو پرسە یەكلادەبێتەوەو رووندەبێتەوە كە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە چۆن دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەژمارە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مانگە دێتە بەردەست وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدووری زانی بتوانرێت ئەم مانگە بەبێ لێبڕین بتوانرێت مووچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت رۆژی 7ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لەبارەی كۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان پەرۆشە مووچە لە كاتی خۆی بدرێت.. ئێستاش بەپێی ئەو داهاتانەی هەیە دەتوانن مووچە دابەش بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بدات بە كۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران.

لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەردەوامی دان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، لەكاتێكدا دێت كە بەگوێرەی یەكێك لەبڕگەكانی ماددەی (11) لەپشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عیراق، دەبێت مانگانە ئەو بڕە پارەیەی لەبەغدا دێت بۆهەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاو بۆ مووچەی فەرمانبەران بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن