راچڵەكین-
ئەنستیتیوتی سەرژمێری دانیشتوانی بولگاریا، ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ژمارەی دانیشتوان نزیكەی ٣٥ هەزار كەس كەمی كردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەنستیتۆكە بڵاویكردوونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی منداڵی لەدایكبوو، دوو هەزار و ٤٥٢ منداڵ كەمی كردووە و بووە بە ٥٩ هەزار و ٨٦ منداڵ.
لە بەرامبەردا ژمارەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان ١٦ هەزار و ٦٥٢ حاڵەت زیادی كردووە و لە ماوەی ٢٠٢٠دا، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٢٤ هەزار و ٧٣٥ كەس.
ساڵی رابردوو بەراورد بە ٢٠١٩ ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ٣٤ هەزار و ٩٣٤ كەس كەمی كردووە و بووەتە شەش ملیۆن و ٩١٦ هەزار و ٥٤٨ كەس.
ماڵپەڕی ئەنستیتۆی سەرژمێری دانیشتوانی بولگاریا لە راپۆرتێكی شیكاریدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە هەم ژمارەی دانیشتوان كەمی كردووە هەم رێژەی بەساڵداچوون زیادی كردووە.
لە ساڵی ٢٠٠١دا ناوەندە تەمەنی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ٤٠،٤ ساڵ بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بۆ ٤٤ ساڵ بەرزبووەتەوە.
تەنها لە ماوەی یەك ساڵیشدا ژمارەی ئەو كەسانەی لە تەمەنی كاركردندان ١٧ هەزار كەمی كردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ١٣٩ هەزار. هەر لە هەمان ماوەدا ژمارەی كەسانی سەروو ٦٥ ساڵ گەیشتووەتە یەك ملیۆن و ٥٠٤ هەزار و ٤٨ كەس كە رێژەی سەدا ٢١،٨ی دانیشتوان پێكدەهێنن.