لەهەرێمی كوردستان ئەو كەسانەی پێكوتەی كۆرۆنایان وەرگرتووە تووشی خوێن مەیین بوون؟

چاوپێکەوتن

20/04/2021     ژمارەی بینراو 1158

راچڵەكین-

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ حاڵەتێكی لاوەكی قورس بەهۆی پێكوتەی كۆرۆناوە نەبووە. دەشڵێت:" گرنگە هاوڵاتیان دڵنیابن لەوەی كە دەبێت پێكوتەی كۆرۆنا هەر وەربگرن."

د. یاد نەقشبەندی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، لەبارەی كاریگەرییە لاوەكییەكانی پێكوتەكانی كۆرۆنا لەسەر ئەو كەسانەی وەریانگرتووە لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی  رایگەیاند" تائێستا هیچ حاڵەتێكی لاوەكی قورس بەهۆی پێكوتەی كۆرۆناوە نەبووە بێگومان هەموومان دەزانیین مناڵیش لەمناڵیدا هەموو جۆرە كوتانەكانی تر بەپێی دەفتەر وەردەگرێت هەندێك مناڵ جاری واهەیە توشی تا دەبێت، هەندێك مناڵ شوێنەكەی سوور دەبێتەوە، هەندێك مناڵ شەو ئازاریان دەبێت، هەندێك مناڵیش نایانبێت ئەوە شتێكی واریدە بەڵام ئەوە ناگەیەنێت مناڵەكە نەكوترێت، هەمووكەس ئەوە دەزانێت، پێكوتەی كۆرۆناش هەمان شتە، حاڵەتەكانیش كە باسكراوە لە هەندێك وڵات بۆنموونە لە وڵاتێكدا نزیكەی 20 ملیۆن زیاتر پێكوتەیان وەرگرتووە و چەند حاڵەتێك هەبووە كە باری تەندروستیان تێكچووە و حاڵەتی لەناكاوی بووە كە تائێستاش بەشێوەی فەرمی یەكلایی نەكراوەتەوە لەو 20 ملیۆنەی چەند حاڵەتێكی تێدابووە پەیوەندی بەپێكوتەكەوە هەبووبێت، بۆیە گرنگە هاوڵاتیان دڵنیابن لەوەی كە دەبێت پێكوتەی كۆرۆنا هەر وەربگرن."

د.یاد نەقشبەندی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەسەر جۆرەكانی ڤاكسین بڵاودەكرێتەوە؟ وتی" یەك بابەت بەداخەوە بەشێوەیەكی نازانستی لەلایەن كەسانێكی نابەرپرس یان ڕاگەیاندنێكی نابەرپرسانە مامەڵەكراوە وەكو بابەتی جیاوازی نێوان ڤاكسینەكان و بابەتی ڤاكسینی فایزەر هاتە ناوەوە كە وایكرد هاوڵاتیان جارێكی تر بكشێنەوە لە بەدەمەوە هاتنی پێكوتە و بگەڕێنەوە لەو بابەتە لەبەرئەوەی بڵێن با پێكوتەی فایزەر وەربگرین كە بەڕاستی ئەمە جێی نیگەرانی هەموو لایەكە لەبەرئەوەی هەموو ئەو پێكوتانەی دێن، پێكوتەی فەرمیین ولەلایەن وڵاتانی فەرمییەوە ناسێندراوە، وەبەشێوەیەكی فەرمی دەكڕدرێت و بەكاردێت."

"من خۆم دەتوانم بڵێم هەم وەكو وتەبێژی تەندروستی هەم وەكو هاوڵاتیەكی ئاسایی و هەم وەكو پزیشكێك چەندین كەس تەلەفون دەكات و پەیوەندی دەكات داوای فایزەر دەكەن كە پێشتر هاوڵاتیان بۆ بابەتی ئەسترازینیكا زۆر هاتن بەدەمەوە، ئەوەی دەبینراو هەموو كەسێك دەیبینێت لە ڕاگەیاندنەكانەوە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی سەردانی بنكەكانی دەكرد بەڵام بابەتی ئەسترازینیكا هەندێك هەڵای ڕاگەیاندنی لەسەركرا و هەندێك حاڵەت باسكرا لە وڵاتان بابەتەكەش لێرە بەبێ هیچ بنەمایەكی زانستی شتەكە گەورە كراو وایكرد هاوڵاتی ساردبێتەوە و ترسێكی لەلا دروستبێت بەڵێ ئێستا هاوڵاتی زۆربەی داوای ڤاكسینی فایزەر دەكات، زۆركەس پەیوەندی دەكات فایزەر چۆنە كە بەڕاستی ئەمە بابەتێكە ئەم شێوازی كاركردنە لەسەر بابەتی ڤاكسین ئەوەی زیانمەند دەبێت هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستانە."د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وایوت"

وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دووپاتیكردەوە جیاوازی لەنێوان جۆرەكانی كۆرۆنا دژ بەكۆرۆنا نییە لەو ڕووەوە دەڵێت:" هیچ جیاوازیەك نییە لەنێوان ڤاكسینەكان، دكتۆر سەباح بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی كە ڤاكسینەكەی وەرگرت سینۆفارمی وەرگرتووە من خۆم ناوم نوسیووە بۆئەوەی ئەسترازینیكا وەربگرم چونكە زۆركەس لەپێش ئێمەوە بووە لە ئەسرازینیكا هەر لەپێكوتەكەدا من وتەبێژێكم بەڵام ئەوەی نەخۆش دەبینێت و ڕاستەوخۆ بەركەوتەی هەیە لە سەنتەرێكی كۆرۆنادا لەپێش منەوە پێویستتر بووە منیش ناوم نوسیووە ئەوە وەردەگرم و هیچ جیاوازییەك وەكو پزیشك و بەرپرسانی تەندروستی نەبووە."

د.یاد نەقشبەندی وتیشی:" زۆربەی تەندروستی ئێمە لەهاتنی یەكەم وەجبەی كۆرۆنا خۆیان كوتا بۆئەوەی دڵنیایی بدەین بە هاوڵاتیان و یەكەم كەسیش بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بووە زۆرترین ستافی تەندروستی ڤاكسینی ئەسرازینیكایان وەرگرتووە من خۆم لە نەخۆشخانەی (هیوا)م زۆربەی ئەوانەی كە لەگەڵمدان هاوڕێكانمان وەریانگرتووە هەموومان ناونوس كراوین بەپێی وەجبە وەجبە."

"من دەتوانم بڵێم ئەو گرفتە كاربكرێت هۆشیاری تەندروستی تاك لەسەر وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا زیاتربكرێت، وە ئەو دڵنیاییە بدرێت كە سەد لەسەد وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا زۆر زۆر باشترە لە وەرنەگرتنی ئەمە گرنگە."

د. یاد نەقشبەندی وتی" لەگەڵ هاتنی یەكەم ژەمە ڤاكسین كە هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان پارێزگای سلێمانیش بەپێی ئەو بڕەی بەهەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دانراوە دابەشكراوە ئەمە ڕێژەیەكە دەتوانم بڵێم ئەم دابەشكردنە ڕێژەیەكە بەپێی دانیشتوانە یان شێوازێك لەشێوازەكانی دابەشكردنە كە لەڕابردوودا لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەو كۆمەكانەی هاتووە كراوە، لەئێستاشدا بۆ بابەتی ڤاكسین هەمان پێوەر دانراوەتەوە، ئەو بڕەی دەگاتە شاری سلێمانی بێگومان ئەو بڕە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی تێدایە و بڕێكی كەمە، وە پێویستە بڕەكە زیاتر بكرێت و خێراتربكرێت بەدڵنیاییەوە ئەوەی دەبینرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی كاری جدییان كردووە، كارەكان خێراترە لەچاو ڕابردوودا."

د.یاد ئەوەشی وت:" ئەو ژەمانەی ئێستا دەگات دەتوانم بڵێم بڕەكانی سێ هێندە و چوار هێندەی ئەو بڕانەی كە لەڕابردوو گەیشتوونەتە دەستمان، جاران نێوانی دوو بڕ كە دەهات كاتێكی دەویست بەڵام ئێستا خێراخێرا ژەمە ڤاكسینەكان دەگات، وە ئەوەی گرنگە ئێمە كار لەسەر ئەوەبكەین هاوڵاتیان هانبدەین زۆرترین هاوڵاتی لەكەمترین ماوە پێكوتەی كۆرۆنا وەربگرێت."

دەربارەی ڕێژەی ئەو ڤاكسینەی هاتۆتە پارێزگای سلێمانی؟ وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وتی" دەتوانم بڵێم هێشتا كەمە بێگومان ڕێژەی دانیشتوانەكە زۆر لەوە زیاترە بەڵام بڕیاروایە لەمەودوا خێراتر بێت پڕۆسەكە وە ژەمەكە زیاتربێت بەڵام بیرمان نەچێت گرنگترین خاڵ ئەوەیە تائێستا نەگەیشتوینەتە ئەوەی كە هاوڵاتی هاتبێت بۆ پێكوتە و بڵێن پێكوتە نەماوە، مانای وایە ڕێژەكەی كە دێت بەڕاستی ڕێژەی هاوڵاتیان كەمترە بەڵام هەرچەندە چەند ڕۆژێكە هاوڵاتی ئێستا خێراتر دێن لەچەند ڕۆژی ڕابردوو."

سەبارەت بەوەی ئایا وەرگرتنی ڤاكسین دەكرێتە ئیجباری لەهەرێم وەك ئەو دەنگۆیە لەعیراق باس دەكرێت؟ لەوەڵامدا د.یاد نەقشبەندی وتی" ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەتا بكرێت بەبەرزكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی هاوڵاتیان و بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكان و هاندانیان لەلایەن هەموو ئەو كەسانەی كە بەرپرسن لەبابەتەكە بكرێت ئەوە زۆر زۆر گرنگە بۆ ئێمە بێگومان ئەوەی كە دەكرێت و دەبینرێت لە وڵاتان قۆناغ بەقۆناغ ئیجبار دەكرێت ڕەنگە ئێرەش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕەنگە بەشێوەیەكی گشتی حكومەتی عیراقی وابكرێت كە دەبێت هەموو هاوڵاتیەك پێكوتەی كۆرۆنا وەربگرێت جا بەهەر ڕێگایەك لەڕێگاكان بێت."

د.یاد نەقشبەندی دەشڵێت" من لەگەڵ ئەوەم كە دەبێت پێدانی پێكوتە ئیجباری بێت چونكە ناكرێت من خۆم كوتیبێت و كەسێكی تر و دوانی دیكە خۆی ناكوتێت دیسان كارەساتی كۆرۆنا ڕووبداتەوە، من خۆم كوتیبێت و دڵنیابم لەوەی كە بەرگری لەشم هەیە دڵنیام هەركەسێك كە پێكوتەكەی وەرگرتبێت ئەم هەستەی هەیە، هەستدەكات ئیتر ئەو لەمەودوا دەتوانێت بچێتە شوێنی گشتی دەتوانێت سەفەر بكات دەتوانێت بگەڕێت ناكرێت لەبەرئەوەی كەسانێك پابەندنابن بەوەرگرتنی پێكوتەوە هەتا ماوە ئێمە نەتوانیین ژیان ئاسایی بكەینەوە، خۆ هاوڵاتی لەولاوە شەڕی ئەوە دەكات دەڵێت دەبێت ژیان ئاسایی بێت لەبەرئەوەی گوزەرانم هەیە باشە ئەگەر ئەوان مەعیشەت و گوزەرانیان دەوێت ئێمەش خەمی تەندروستیەكەمانە وەرن پێكوتەكە وەربگرن بۆئەوەی ئێمەش بتوانیین ڕێگە بدەین ژیان ئاسایی بێتەوە هەم مەعیشەت و هەم تەندروستی منیش وەكو هاوڵاتیەكی ئاسایی كە پێكوتەم وەرگرت بەمافی خۆمی دەزانم ئەگەر كەسێك پێكوتە وەرنەگرێت ئیجباربكرێت ئیجرائات بكرێت بەشێوازێك لەشێوازەكان كە بگونجێت لەگەڵ هەموو كەسێك."

د.نەقشبەندی تەئكیدی لەوەكردەوە" بێگومان ئەگەر هاتوو هەموو هاوڵاتیەك پێكوتە وەربگرێت كە سەد لەسەد دڵنیابین هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان پێكوتەیان وەرگرتووە بێگومان دەتوانرێت وردە وردە و قۆناغ بەقۆناغ ژیان ئاسایی بكرێتەوە پێشتر پێكوتە نەبووە دەمانوت ماسك ئەگەر پێكوتە هەبێت دەتوانیین بڵێن ژیان ئاسایی دەكەینەوە."

د.یاد نەقشبەندی جەختی لەمەترسی دۆخی كۆرۆنا كردەوە و وتی" بەشێوەیەكی گشتی بمانەوێت و نەمانەوێت دۆخی كۆرۆنا لەئێستادا ئەوە نییە بوترێت ئێمە پاڵمان لێداوەتەوە و هیچ كێشە نییە، لەئێستادا ڕێژەی ئەوانەی لەناو نەخۆشخانەدایە 113 حاڵەتە نزیكەی 33 حاڵەتی لەبەشی چاودێری چڕدایە، وە 13 حاڵەت لەژێر ئامێری (سی پاپ) دایە واتە بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت بوترێت نزیكەی 33 حاڵەت باری تەندروستیان ناجێگیرە و 13 حاڵەتیش شەڕی مەرگ و ژیان دەكات مانای وایە دۆخەكە هێشتا مەترسیدارە تاكە چارەسەر كە چەكی سەركەوتنە و هاتۆتە دەستمان كوتانە ناكرێت ئێمە دیسان كوتانیش بەئاقارێكی هەڵەدا بەرین."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن