ئەفغانستان.. لە تەقینەوەیەكدا 27 كەس گیانیان لەدەستدا

جیهان

30/04/2021     ژمارەی بینراو 169

وێنە: ئەرشیف

راچڵەكین –

دوای رۆژێك لە دەستپێكردنی پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ناتۆ لە ئەفغانستان، تەقینەوەیەك لەو وڵاتە روویداو بەهۆیەوە 27 كەس گیانیان لەدەستداو دەیان كەسیش بریندار بوون.

میدیاكانی ئەفغانستان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی لەئەنجامی تەقینەوەیەكی بەهێز لە هەرێمی لۆگاری لە خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، 27 كەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لە 60 كەسی دیكەش بریندار بوون.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەكانی ئەفغانستان، تەقینەوەكە بەهۆی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە بووە، كە لەسەنتەری شاری بل عالەم (پایتەختی هەرێمی لۆگاری) تەقیوەتەوە، تائێستاش دەیان هاووڵاتی دیكە لەژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانەیەی كە تەقینەوەكەی لەبەردەمدا روویداوە، ماونەتەوەو چارەنووسیان نادیارە.

تەقینەوەكە لەدوای رۆژێك لە دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ناتۆ دێت، كە بڕیاریانداوە بەشێوەیەكی پلان بۆداڕێژراو سەرجەم هێزەكانیان لە ئەفغانستان بكشێننەوەو بەیەكجاریی كۆتایی بە مانەوەی سەربازییان لەو وڵاتە بهێنن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن