پارچەپارچەبوونی مووشەكە چینییەكە لەئاسماندا
راچڵەكین-
زانایانی چینی ئاشكرایانكرد، پاشماوەی مووشەكە لەكۆنترۆڵ دەرچووەكەی ئەو وڵاتە لەزەریای هندی كەوتووەتە خوارەوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمی چین بڵاویكردەوە، نووسینگەی ئەندازیاریی بۆشایی ئاسمانی چینی ناسراو بە CMS رایگەیاندووە، دوای ئەوەی مووشەكە لە كۆنترۆڵدەرچووەكە چووەتە نێو بەرگەهەوای زەوییەوە بەشێكی زۆری لەنێوچووە و پاشماوەكەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە زەریای هیندی و لەنزیك ماڵدیڤ كەوتووەتەخوارەوەو هیچ زیانێكی گیانی نەبووە..
هاوكات ناوەندی چاودێریی خزمەتگوزاریی Space-Track كە داتاكانی سوپای ئەمریكا بەكاردەهێنێت، زانیارییەكانی پشتڕاستكردووەتەوە. لە تویتێكدا نووسیویەتی "هەموو ئەوانەی بەدوای هەواڵی مووشەكی LongMarch5Bـەوەن، دەتوانن پشوو بدەن. مووشەكەكە كەوتووەتەخوارەوە."
چین لە 29ـی نیساندا مووشەكی لۆنگ مارچ 5 بی 12بۆ بۆشایی ئاسمان نارد، دواتر راگەیەندرا كە مووشەكەكە پاش گەیشتنی بەوێستگەی بۆشایی ئاسمان لەكۆنترۆڵ دەرچووە.