ئیسرائیل بەردەوامە لەبۆردومانكردنی كەرتی غەززە

جیهان

13/05/2021     ژمارەی بینراو 264

راچڵەكین-

هاوكات لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، سوپای ئیسرائیل دەزگای هەواڵگریی حەماسیان بۆردومان كرد.

پێشتریش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، باڵەخانەیەكیان لەغەززە بۆردومان كردوە كە ژمارەیەك فەرماندەی باڵای بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی تێدابووە.

هاوكات وەزارەتی تەندروستیی كەرتی غەززە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" ژمارەی شەهیدان و بریندارانی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل كە لە رۆژی دوو شەممە ١٠ی ئایارەوە تا ئێستا دەیكاتە سەر ناوچە جیاوازەكانی كەرتی غەززە لە هەڵكشاندایە."

 بەگوێرەی تەندروستی غەززەبێت:" ژمارەی ئەو كەسانەی لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا شەهید بوون گەیشتووەتە 83 كەس كە 17یان منداڵ و شەشیان ژنن و، ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 388 كەس."

هاوكات، جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، جارێكی دیكە هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئاڵۆزییەكانی قودس و هێرشەكانی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئیسرائیل لەبەرامبەر سەدان موشەكدا كە لە غەززەوە ئاراستەدەكرێن، مافی بەرگری لەخۆكردنی هەیە.

دوای ئەوەی دادگای ئیسرائیل بڕیاریدا ژمارەیەك خانوو لەگەڕەكی (شێخ جەراح) چۆڵبكرێن كە هاوڵاتیانی فەڵەستینی تێدا نیشتەجێن، گرژی و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هاوڵاتیانی فەڵەستیی و سوپای ئیسرائیل روویدا.

هاوكات بەهۆی رێگریكردنی سوپای ئیسرائیل لە هاوڵاتیانی فەلەَستینی بۆ چوونە ناو مزگەوتی ئەقسا، چەند رۆژێكە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن