محەمەدی حاجی مەحمود بەمەرج خۆی بۆ سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت

چاوپێکەوتن

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 145

راچڵەكین-

محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەگەر سەرۆك لە ناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت ئامادەیە خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.

محەمەدی حاجی مەحمود، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" دەبووایە دەستوری هەرێمی كوردستان پێش دەستوری عیراق بنوسرێتەوە لەوكاتەی كە هەرێمی كوردستان پەرلەمان و حكومەتی هەبوو پێش ڕووخاندنی (سەدام) دەبووایە ئەوكاتە بنوسرایەتەوە، ئەو كاتە ڕای ئەمریكیەكانیش وەهابوو كە كورد پێش دەستوری عێراق دەستور بنوسێتەوە، ئێمە لەساڵی 2009 دەستورمان نوسییەوە لە پەرلەمانی كوردستان واتە ڕەشنووسی تەواو بوو خرابوویەوە دەنگدانەوە بەنزیكەیی كۆتایی پێهاتبوو، لە 2015 ش بڕیاربوو بخرێتە ڕاپرسیەوە بەڵام نەیانكرد، دواتر كێشەی ناوحیزبەكان دوایانخست."

وتیشی:" واتە بەڕای ئێمە دەستور گرنگە ڕەنگە ببێتە سەرچاوەیەك، گەڕانەوە بۆ دەستور ڕەنگە بتوانێت یاساكان ڕێكبخات، دەسەڵاتەكانی یاسادان و جێبەجێكردن لەیەك جیابكاتەوە، بۆ ئەوانە دەتوانێت بەرنامەیەك بۆ داهاتوو دابنرێت، ئێمە ئێستا ناتوانیین بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێك لەدەستوردا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەندێك شتی كۆنی پەرلەمان یان بچین بەدوای دەستوری ساڵی شەستەكان و حەفتاكاندا بگەڕێین."

واتە دەستور دەتوانێت چارەسەری كێشە و گرفتەكان بكات؟ لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی"ناڵێم دەستور دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات واتە هەموو شتەكان بەڵام دەستور دەبێتە چوارچێوەیەك كە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی بۆ دەدات ئەوكاتە هەرلایەك پابەند نەبوو دەتوانرێت ئەوكاتە بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری دادگاكان بۆ دەستور ، من پێموایە دەستور بەشێكە لە خەبات و بەشێكە لە داواكانی خەڵكی كوردستان چۆن ئێمە لە حكومی زاتیەوە چوین بۆ فیدڕاڵی، دەستوریش یەكێكە لەو قۆناغانە كە پێویستە بۆ ئەم وڵاتە بۆ نموونە شەش ملیۆن كەس دەتوانێت بەبێ دەستور كە مەرجەعیەتێكی نەبێت بگەڕێتەوە بۆی، دەتوانێت بەڕێوەبچێت! واتە خێزان دەستوری هەیە، حیزبێك هەیە، پەیڕەوەی ناوخۆی هەیە واتە دەستور، حیزبێك هەیەتی و ڕێكخراوێك هەیەتی، ئەی بۆ میللەتێك نەیبێت!"

محەمەدی حاجی مەحمود سەبارەت بە داواكاری سەرەكییان لە ناو دەستوردا وتی " ئێمە پێمانوایە دەستور دەبێت هەموو جوگرافیای كوردستانی تێدابێت واتە جوگرافیای كوردستانی باشور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی كە پێی دەڵێن كوردستان، لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە بەڵام سیستەمەكە سیستەمێكی پەرلەمانی بێت. "

سەبارەت بەوەی چۆن دەكرێت سیستمی حوكمڕانی پەرلەمانی بێت و سەرۆكیش لە ناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت؟ لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی: " ئێمە پێمانوایە سیستەمەكە دەتوانرێت پەرلەمانی بێت بەڵام ئەگەر سەرۆك لەناو خەڵكی هەرێمی كوردستاندا هەڵبژێردرێت یەكەم دیموكراتی زیاترە، دووەم مافی هەموو تاكێكی خەڵكێكی كوردستان پێشێل ناكرێت ڕێگەی لێبگیرێت دەنگ بدات واتە پەرلەمان ڕەنگە نوێنەری هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت بۆچی پەرلەمان بە 111 كەسەوە سەرۆك هەڵبژێرێت، ئەی بۆ میللەتێكی سێ ملیۆنی دەنگ نەدات بۆ سەرۆكەكەی خۆی، دووەم ساڵانی پێشوو كە سەرۆك لە ناو خەڵكدا هەڵبژێردرا زیاتر لە 20 كەس خۆی كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی بەڵام ئێستا ئەگەر لە ناو پەرلەمان بێت جگە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كەسێك ناتوانێت خۆی كاندید بكات واتە مافی هەموو ئەو خەڵكە پێشێل دەكرێت. "

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت" ئەگەر لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم كاندید بكەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ، جاری پێشوو لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەكی زۆر خۆیان كاندید كرد ئەوكاتە حەڤدە-هەژدە كەس دەنگیشیان هێنا بۆنموونە كاك (كەمال میراودەلی) نزیكەی نیوملیۆن دەنگی هێنا، كۆمەڵێك خەڵك بۆنموونە لە گەرمیان لەشوێنەكانی تر دەنگیان هێنا، كوڕی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەنگی هێنا ئەوكاتە خەڵك دەنگی زۆر هێنا واتە ئەوە ئازادانەترە و دیموكراتی ترە لە وڵاتێك 20-30 كەس خۆی كاندید بكات بۆسەرۆك یاخود لەناو پەرلەماندا تایبەت بكرێت لەسەر حیزبێك یان دوو حیزب."

محەمەدی حاجی مەحمود جەختی لە خۆكاندید كردن كردەوە و وتی" ئەگەر بە دەنگدانی خەڵكی كوردستان بێت هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەڵێ من دەچم خۆم كاندید دەكەم ئەوكاتە ئەگەر دەنگ بهێنم یان نەیهێنم ئەوە شتێكی ترە بەڵام من خۆم كاندید دەكەم بۆسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان."

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت:" من پێموایە كۆمەڵێك كێشەمان هەیە لە هەرێمی كوردستان ئێستا حیزبەكان خۆیان پێیان خۆشە دەستور نەبێت و خۆیان بڕیار بدەن لەجیاتی دەستور ئەگەر دەستور هەبوو ئەوكاتە حیزبەكان ناچارن ئیلتزامی پێوەبكەن واتە ئەوكاتە قەزا ودادگاكان دەتوانن ڕۆڵ ببینن، ئەو حیزبەی پابەند نەبێت بەبڕیارەكانی دەستورەوە، ئەوانە دەتوانن چوارچێوەی سنورداربكەن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن