هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سیاتیکا چیە؟

تەندروستی

01/06/2021     ژمارەی بینراو 1471

هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سیاتیکا چیە؟


ڕاچڵه‌كین-

بەم ئازارە دەوترێت کە بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لە دەماری سیاتیکدا دروست دەبێت، دەماری سیاتیک لە کۆتایی پشتەوە دادەبەزێت بۆ هەر یەکێک لە قاچەکان، هەرکاتێک ئەم دەمارە بریندار بوو یاخود پەستانی لەسەربوو ئەم ئازارە پەیدا دەبێت کە پێی دەڵێن سیاتیکا، ئازارەکەش لە بەشی خوارەوەی پشت دروست دەبێت و دادەبەزێت بۆ سمت و ڕان و قاچ، دکتۆر هێمن مەحموود پزیشکی نەخۆشییەکانی جومگە و ڕۆماتێزم زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

سیاتیکا زۆربەی جار لە یەک قاچدا ڕوودەدات نەخۆشەکە ئازاری زیاتر دەبێت بە دانیشتن و کۆکە هەروەها پژمین، لەوانەیە نەخۆشەکە هەست بە جۆرێک لە سڕبوون و مێرولەکردنی قاچی بکات.سیاتیکا لەوانەیە لە پڕ ڕووبدات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بۆ حەفتەیەک بمێنێتەوە.

سیاتیکا لە تەمەنی 30 بۆ 50 ساڵ و لە خانماندا لەوانەیە زیاتر ڕوبدات بەتایبەت لە کاتی دووگیانیدا.

هەروەها دەکرێت هۆکارەکەی دەرچونی خەپلەی دیسکی نێوان بڕبڕەکان بێت یاخود بەهۆی کاریگەری سەوەفان لە بڕبڕەکاندا ڕووبدات.

یەکێک لە هۆکارە هەرە باوەکان دەرچون یاخود گوپدانی دیسکی نێوان بڕبڕەکانە، کە ماددەیەکی جەلاتینی تێدایە لە کاتی دەرچوونیدا پەستان دەخاتە سەر دەماری سیاتیک و ئازارەکە دروست دەبێت. لەگەڵ بەتەمەندا چوون دیسکەکان لاواز تر دەبن و زیاتر ئەگەر دەرچوونیان هەیە، لە هەر 50 کەس 1 کەس توشی ئەم ئازارە دەبێت و دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکە بە پشکنینی کلینیکی و تیشک دەکرێت.

چارەسەری نەخۆشیەکە زۆربەی کات بە پشوودان و چارەسەری فیزیکی و چەند جۆرێک لە دەرمانی دژە هەوکردن و ئازارشکێن و خاوکەرەوەی ماسولکەکان دەکرێت،لە % 90 ئەو کەسانەی توشی سیاتیکا دەبن بە بێ نەشتەرگەری چاکدەبنەوە.

بەڵام لە هەندێ باردا نەخۆشیەکە بەم جۆرە ڕێگاچارانە چارەسەر ناکرێت و پێویست دەکات نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن