كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەیان كاندیدی دیكەی هەڵبژاردن دووردەخاتەوە

عێراق

09/06/2021     ژمارەی بینراو 220

راچڵەكین –

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لیستێكی دیكەی بەناوی 135 كاندید بڵاوكردەوە كە مافی خۆكاندیدكردنیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێنادرێت.

بەگوێرەی ئەو لیستەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەو 135 كەسەی خۆیان لەناو لیست و قەوارەكاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كاندیدكردووە، بەهۆی ئەوەی تائێستا لەكارەكانیان لەسلكی سەربازی و ئەمنی بەردەوامن، بۆیە ناتوانن خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان كاندید بكەن.

لەوبارەیەوە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، نوسراوێكی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنەكە بەرزكردووەتەوەو تێیدا ناوی هەر 135 كاندیدەكەو پلە سەربازییەكانیشی لەگەڵ هاوپێچكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە كە هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو كاندیدانە، پێشێلكردنی دەقی ماددەی 9 لە یاسای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020ە.

 

بەگوێرەی زانیارییەكان، هیچ كاندیدێكی كورد لەلیستی كاندیدە دورخراوەكانی هەڵبژاردندا نییە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو، ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عیراق، 20 كاندیدی دیكەی هەڵبژاردنی لە خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران رەتكردەوە، بەبیانووی پێشێلكردنی حوكمەكانی بڕگەی سێ لە ماددەی ھەشتی یاسای ھەڵبژاردنەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن