زوو زوو جەوت نامێنێ و مەزاجت تێکدەچێت؟

ستایل

11/06/2021     ژمارەی بینراو 906

زوو زوو جەوت نامێنێ و مەزاجت تێکدەچێت؟


ڕاچڵه‌كین- 

ئەگەر ساڵ چوار وەرز بەخۆیەوە ببینێ ئەوا ناخی ئەم ئینسانە ڕۆژانە چەندین چوار وەرز و ئاڵوگۆڕی دەروونی بەخۆیەوە دەبینێت.

لە دنیاکەی ناوەوەدا، وەختێ ئاسمان ساماڵە؛ چاو بریقەی دێ و.. دەم بەخەندەیە و.. ڕوو گەشاوەیە و.. دڵیش قوڵپی کەیف و ئومێد و تاقەت دەدات.

ئەوەندە نابا تەلەفۆنێک، مەوقیفێک، وەڵامێک، سەیرکردنێک وەک مڵۆزم قوتەبێتەوە و ئاسمان پڕ دەکات لە هەوروهەڵا؛ ئەمجارە چاو پڕ دەبێ لە ترس و تووڕەیی.. دەم لە زبری.. ڕوو لە گرژی.. دڵیش لە قین و بێزاری.

تۆی ئازیز کە ئێستا ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە، ئاسمانەکەت هەر کامێکیانە، گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە بزانی کە تۆ وەرزەکان نیت، تۆ هەور و سایەقە نیت، تۆ ئاڵوگۆڕەکانی مەزاجت نیت، تەنانەت هەست و بیرکردنەوەکانیشت نیت. تۆ ئەو چاوەیەت کە هاتن و چوونی هەموو ئەوانە دەبینی. تۆ لەوان گەورەتر و ڕەگداکوتاوتر و بەنرختریت. 

کە بەرامبەرەکەت قسەیەکی ناخۆشت پێدەڵێ و تۆ هەست بە (کەمی)ی خۆی دەکەی، ئەوە تۆ نیت کە کەمیت. ئەوە هەستی (هەوری) خۆبەکەمزانینە و خۆی هەڵواسیوە بەئاسمانەکەتدا. 

کە زەواجەکەت فەشەل دێنێت، ئەو هەستە ناخۆشەی لە ناختدا دروست دەبێت هەستی شکستخواردن و ڕەنج بەخەساری و ترس لە تەنهایی و خەمی داهاتووە. بەڵام تۆ هیچکام لەو هەستانە نیت وە تۆ فاشیل نیت. ئەوان بۆ ماوەیەک -کە ئەویش زۆربەیجار خۆت دیاری دەکەیت- خۆیان بە ئاسمانەکەتدا هەڵدەواسن.

کاتێک ئەم هەورانە و هاوشێوەکانی ئاسمانەکەیان تەنیت و بەری خۆرەکەیان گرتیت، تۆ چاوت دامەخە بەوەی بچی بە مۆبایل، ڕەفیق، شتکڕین، شتخواردن و شت کێشان خۆت بخافڵێنیت. چاوداخستنی تۆ ئەوان ئەستوورتر دەکات. وا دەکات زیاتر بمێننەوە و زۆرتر ببن.

کەوابێ چاو دامەخە. بەجۆرێک لێیان بڕوانە وەک ئەوەی بتەوێ لێیان تێبگەیت. هەستیان پێبکە، بیاننوسە. چونکە هەرکات ئەمانەت کرد دەبینی وەکو پەشمەک تواونەتەوە و تەنک بوونەتەوە. کە ئەوانیش تەنکبوونەوە ئیتر خۆر دەردەکەوێتەوە و ئاسمان دەبێتەوە بە ساماڵ.

لەم بەینەشدا گرنگە تۆ بزانیت ئەم هەست و بیرکردنەوانە لەکوێوە هاتوون. چونکە هەندێکیان هەموو مرۆڤەکان هاوبەشن تیایدا. ڕاوەشاندنی وجودین بەڕووی حەقیقەتی گەورەتردا چاومان دەکەنەوە..

هەندێکیشیان زرنگانەوەی ئەو دەنگە سلبی و باوەڕە چەوتانەن کە لە دایک و باوک، مامۆستا و هاوڕێکانەوە بۆمان ماوەتەوە و وەختی خۆی لەبەرئەوەی فلتەری زیهنی و دەروونیمان نەبووە هەڵیانبسەنگێنین، وەکو ڕاستی ڕەها لەباوەشمان گرتووە. ڕەنگە خاوەنی ئەو دەنگانە حاڵی حازر خۆیان لە ژیانماندا نەمابن، بەڵام دەنگیان دلێر و باقیە.

هەندێکی تریشیان لاوازیی ئیگۆی خۆمانە کە مەناعەی نییە زاڵبێت بەسەر مەوقیفە قورسەکاندا. بێگومان هەندێکی تریشیان نیشانەی گرفتی قوڵترن کە پێویستی بە هاوکاری کەسانی تایبەتمەندە.

هەرکامێکیان بێت، گرنگ ئەوەیە بزانین پاکێجی مرۆڤبوون ئەم بەزم و ڕەزمەشی لەگەڵدایە. لەبری ئەوەی دەست لەخۆمان بشۆین یان ناووناتۆرەی ناقۆڵا لەخۆمان بنێین، باشتر وایە چی زووترە تێبگەین کە بەنرخترین شت کە لەم دنیایەدا هەمانە، خۆمانین. با زریق و باقی دەرەوە لە ئیشکردنی ناوەوە نەتوەستێنێ. کۆڵمەدە و بە سەبر و پشودرێژییەوە هەنگاوبنێ. باوەڕیشت بەوە هەبێ کە هەر زوو بەری شیرینی ئەم هەوڵانە دەچنیتەوە.


ئەحمەد خالیدی- ماستەر لە ڕاوێژ و پەروەردەی خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن