ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەسرور بارزانی و سەرۆك وەزیرانی یۆنان ئاشكرابوو

کوردستان

11/06/2021     ژمارەی بینراو 361

راچڵەكین –

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێكی یاوەرین سەردانی یۆنانی كردو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبووەوەو هیوای خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا لە هەرێمی كوردستان بیبینێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ هەینی 11-6-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كیریاكۆس میتسۆتاكیس سەرۆك وەزیرانی یۆنان، لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یۆنان و پەرەسەندنەكانی عیراق و ناوچەكە تاووتوێ كران.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەجدا هاتووە، مەسرور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی كوردستان و یۆنان، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپات كردەوە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. هیواشی خواست كە لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆك وەزیرانی یۆنان لە هەرێمی كوردستان ببینێت.

لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیرانی یۆنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان نیشاندا و بە سەردانێكی مێژوویی ناوبرد، كە یەكەمجارە سەرۆك وەزیرانێكی هەرێمی كوردستان سەردانی یۆنان دەكات.

كیریاكۆس میتسۆتاكیس ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەشی بەوەدا كە بەم نزیكانە، بە یاوەری شاندێكی باڵای حكومی و وەبەرهێنەرانی یۆنانی، سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن