عەلی حەمەساڵح: رێكەوتنە نوێیەكەی هەولێرو بەغدا بەشێك نییە لەیاسای بودجە

کوردستان

16/06/2021     ژمارەی بینراو 177

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، رێكەوتنە نوێیەكەی هەولێرو بەغدا، بەشێك نییە لەیاسای بودجەی گشتی. دەشڵێت ئەگەر ئەو رێكەوتنەی باسدەكرێت دروست بێت و مانگانە 200 ملیار دینار بێت" زۆر باشترە لەیاسای بودجە."

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی خۆیدا، سەرباری نارەزایەتی وەزارەتی دارایی، لەرێی دەنگدانەوە بڕیاریدا مانگانە (200 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی  هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لەبارەی رێكەوتنەكە، عەلی حەمەساڵح، لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:"ئەمەی ئێستا ھەیە، ئەگەر جێبەجێبكرێت ڕێككەوتنێكی نوێیە لە دەرەوەی یاسای بودجە بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە."

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، ئەگەر ئەم ڕێككەوتنەی باس دەكرێت دروست بێت و مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بێت، زۆر باشترە لە یاسای بودجە، ھەرچەندە لە شكلیشدا وا پیشانبدرێت بەشێكە لە یاسای بودجە، بەڵام ئەم ڕێككەوتنە ھەرگیز بەشێك نیە لە یاسای بەدجە، لەبەر سێ خاڵ:

یەك: لە یاسای بودجەی ٢٠٢١دا، بڕی دیاری كراو نیە بۆ ھەرێم ، بڵێ(٢٠٠ ملیار دیناری) مانگانە، چونكە پشكی ھەرێم بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ناوخۆی ھەرێم دیاری دەكرێت، ھەموو گرانبونێكی نرخی نەوتیش پشكی ھەرێم كەم دەكات.. 
دوو: بەپێی یاسای بودجە، ھەرێم دەبێت بۆ وەرگرتنی پشكی خۆی سێ بڕە پارە بدات.
١- پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەگەر بە ٦٨ دۆلاریش ئەژمار بكرێت (٧٣٩ ملیار دینار) دەكات. 
٢- نیوەی داھاتە فیدڕاڵیەكان ئەگەر بە(٨٠ ملیار دینار) ھەژمار بكرێت..
٣-ھەرێم نزیكەی ٥ ترلیۆن دیناری بانكی ناوەندی و TBI 
قەرزارە، دەبێت لە حەوت ساڵدا بیداتەوە، كە (٦٠ ملیار دینار) دەكات.. 
بەمەش ھەم بڕەكە جێگیر نییەو ھەم ھەرێمی كوردستانیش ھیچ بڕە پارەیەكی دەستناكەوێت.. 

سێ: عیراق بۆ خەرچی مانگانەی پشت بە بودجەی پەسەندكراو نابەستێت، بەڵكو كار بە ( انفاق فعلی) دەكات، واتە: ئەو داھاتەی دەستی دەكەوێت و ئەو خەرجیەی لە مانگێكدا دەیكات، بەمەش ھەم پشكی ھەرێم كەمتر دەبێت لە وەی بودجە دیاریكراوەو پەسەندكراوە، ھەم ھیچ ژمارەیەكی جێگیر نیە..

عەلی حەمەساڵح دەڵێت:"وەك چۆن پێشتر وتبومان یاسای بودجە لە خزمەتی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان نیە، ئەم ڕێككەوتنە ( ٢٠٠ ملیار دینار) یە ئەگەر جێبەجێبكرێت كارێكی زۆر زۆر باشترە لە یاسای بودجە.. ھیوادارین ئەنجامی ھەبێت دوو مانگ لێبڕین نەخرێتە سەر ئەم چاوەڕوانیەو بێ ئەنجام بێت."

"ئەگەر ڕێككەوتنە نوێیە دروستە كە ٢٠٠ ملیار دێت پێویستە پاشەكەوت لاببرێت، چونكە لابردنی پاشەكەوت ١٨٦ ملیار دیناری دەوێت. "

 ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:"بەدڵنیایی چارەسەری ڕیشەی لە كوردستانە بە چاكسازی دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوری و باج و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیە، ھەموو ئەمانەی بەغدا شتی كاتی بێ گەرەنتین و لە ڕابردوو بینراون."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن