ئیبراهیم رەئیسی كێیە؟

ڕاپۆرت

19/06/2021     ژمارەی بینراو 803

راچڵەكین-

ئیبراهیم رەئیسی، كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران سەركەوتنی بەدەست هێناوە و بووەتە هەشتەمین سەركۆماری ئێران، یەكێكە لەو كەسانەی كە ئەگەری هەیە لە دوای عەلی خامنەیی ببێتە رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

دەنگدەرانی ئێران بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەركۆماری نوێ، دوێنێ چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان. زیاتر لە نیوەی ٥٩ ملیۆن دەنگدەرەی ئێران بەهۆی كێشە ئابوورییەكان و لەسەر داوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردن بەهۆی رەتكردنەوەی ناوی ژمارەیەك لەكاندیدان، بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان نەكرد و بەپێی ئەنجامە بەراییەكانیش رەئیسی توانیوویەتی هەڵبژاردنەكە بباتەوە.

رەئیسی لە ١٤ی كانوونی یەكەمی ١٩٦٠ لە مەشهەد لەدایك بووە. یاساناسە و دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ١٩٨١ وەك سەرۆكی داواكاری گشتی كەرەج دەستبەكار بوو. دوای تێپەڕینی ماوەیەكی كەم بووە بریكاری سەرۆكی داواكاری گشتیی تاران.

ئیبراهیم رەئیسی لە سەر راسپاردەی رابەری ئەو كاتەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، خومەینی لە ١٩٨٨ لەو لیژنەیەدا بوو كە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ كەسانی ئۆپۆزسیۆنی رژێم دەردەكرد.

لیژنە چوار كەسییەكە كە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ناوی لێندرابوو "لیژنەی مەرگ"، هەروەها ناسناوی "ئایەتوڵڵای كۆمەڵكوژ" بە رەئیسی درابوو. بانگەشەی ئەوە دەكرێ لەو قۆناغەدا سێ هەزار كەس له ‌سێدارە دراوە.

دوای خومەینی و لە سەردەمی خامنەییدا پلەوپایەی رەئیسی زۆر بەرزتر بووەوە، لە ١٩٨٩-١٩٩٤ بوو بە سەرۆكی داواكاری گشتی تاران، لە ١٩٩٤ بوو بە سەرۆكی دامەزراوەی چاودێری دەوڵەت و ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە.

دواتر رەئیسی، لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دامەزرا، لە ساڵی ٢٠١٤دا بووە سەرداواكاری گشتی ئێران، لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن خامنەیی-ەوە كرایە سەرۆكی وەقفی مزگەوت و مەرقەدی ئیمام رەزا لە شاری مەشهەد.

ئیبراهیم رەئیسی لە هەڵبژاردنەكانی ١٩ی ئایار-ی ٢٠١٧دا بووە كاندید بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار بەڵام لەبەرامبەر حەسەن رۆحانی شكستی هێنا.

كاتێك سەرۆكی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری، ئایەتوڵڵا ئامولیی سادق لاریجانی لەلایەن خامنەیی-یەوە لە پۆستەكەی لابرا، رەئیسی لە مانگی ئاداری ٢٠١٩دا خرایە شوێنی.

دواتر رەئیسی، دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لە "گەندەڵی كردن لە دەسەڵاتی دادوەریدا" دژ بە بەرپرسە باڵاكانی قۆناغی دەسەڵاتی لاریجانی كردەوە و لە ماوەی دەسەڵاتی خۆشیدا بەردەوام جەختی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كردوەتەوە كە یەكێكە لە گەورەترین كێشەكانی ئەمڕۆی ئێران.

بەهۆی لەسێدارەدانی بەندكراوان و رۆڵی لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئێران، ئەمریكا لە ساڵی ٢٠١٩دا رەئیسی خستە لیستی ئەو كەسانەی سزایان خراوەتەسەر، بەڵام ناوبراو دەربارەی ئەو تۆمەتانە هیچ لێدوان و روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی بڵاو نەكردەوە.

لە ئێستاشدا ئیبراهیم رەئیسی بەهۆی ئەوەی لە هەموو ركابەرەكانی بەهێزترە وا چاوەڕوان دەكرێت ببێتە سەركۆماری ئێران بۆ چوار ساڵی ئایندە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن