دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان هۆکاری کەمبوونەوەی ماسییە

ڕاپۆرت

25/06/2021     ژمارەی بینراو 541

راچڵەکین-AA

لە زۆرێک لە وڵاتاندا ماسی سەروەتێکی نیشتمانییە، ماسی دەریا، ماسی حەوز لەگەڵ ماسی رووباڕەکان سەرچاوەی بژێوی و داهاتی ئاژەڵدارین لە وڵاتان.

هەر لە کۆنەوە ماسی لە دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان راوکراوە و لە بازاڕەکاندا ساغ کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی رووباڕەکان و نەبوونی دەریا، لەرێی دروستکردنی حەوزەوە بیر لە زۆرکردنی ئەو بەرهەمە گرنگە کراوەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان ماسی دەریاچە و رووباڕەکان جۆرەها ماسی لەخۆدەگرن کە خۆی لە ماسییە سوورە، سمێڵە، کوڵە، مشارە، سلڤەر، پانکە و چەندانی تردا دەبینێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ساڵێکدا و لە وەرزی زاووزێی ماسییەکاندا، قەدەغەی راوکردنی ماسی رادەگەیەنێت، ئەویش بە ئامانجی زیاترکردنی ئەو بەرهەمە لە ئاوی رووباڕ و دەریاچەکاندا.

لە پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری، هەریەک لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان لەسەر زێی بچووک و ئاوی رووباری سیروان سەرچاوەیەکی سەرەکیین بۆ بەرهەمی ماسی کە خۆی لە چەندین جۆردا دەبینێتەوە.

هەموو ساڵێک لە ١٥ی حوزەیراندا، کاتی هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسییە دوای سێ مانگ، بۆ بەرەبەیانەکەی ماسیگرەکان بە خۆیان و تۆڕەکانیانەوە بە بەلەمێک دەچنە نێو ئاوی دەریاچەی دووکان و دەربەندیخان و یەکەم راوی دوای وەرزی زاووزێکردن دەکەن.

رووباری سیروان کە سەرچاوەی ئاوەکانی لە چەم و کانیاوەکانی ئێرانەوە دێت و دوای ئەوەی دەگاتە دەربەندیخان بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە لەسەری، دەریاچەکەی گلدانەوەی ئاوی دروست کردووە.

دەریاچەکە بەدووری ٥٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانی-یەوە و سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمی ماسییە.

عەزیز ئەحمەد کە ماوەی ٢٠ ساڵە سەرقاڵی راوەماسییە باس لەوە دەکات ئەمساڵ بەرهەمی ماسی بەتەواوی کەمی کردووە، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکەوە و دەڵێت ''ماسی گەرا لە نزیک کەنارەوە دادەنێت، بەهۆی ئەوەی رۆژانە پێنج سم-بۆ ١٠ سم ئاستی ئاوی دەریاچەکە کەمی کردووە لە وەرزی گەراداناندا، بۆیە زۆربەی گەراکان کەوتوونەتە وشکانی و بەو هۆیەوە فەوتاون و ماسی کەم بووەتەوە".

ئەو ماسیگرە باس لەوە دەکات کە زۆربەی ماسییەکان بەهۆی دەنگی ماتۆڕ و هاتوچۆی بەلەمەکانەوە لەترسا دەچنە قوڵایی ئاوی دەریاچەکە، هەر بۆیە لەئێستادا کەمترین ماسی لەسەر رووەکەی بەدی دەکرێت و کەمترینیان بەر تۆڕی راوچییەکان دەکەون. بۆیە رسقیان لە ماسی گرتندا کەمی کردووە.

عەزیز ئەحمەد باسی لەوە کرد کە لە کاتژمێر چواری دوێنێەوە هاتوون بۆ خستنی تۆڕەکانیان و سەرلەبەیانی ئەمرۆ، هاتوونەتەوە بۆ هەڵگرتنەوەی تۆڕی ماسییەکان و وتی: "رۆژێک پێش هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسییەکە دێین و تۆڕەکان هەڵدەخەین، بۆ ئەوەی تا بەرەبەیان چی ماسی کە پێوەی دەبێت، بیهێنینەوە، بۆیە لە ئێواراندا هەڵیان دەخەین و دوای ١٢ سەعات دێینەوە هەڵیدەگرینەوە، چونکە ئەگەر ماسییەکە لەکاتی گەرمادا بمێنێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە بۆگەن بکات بەتۆڕەکەوە، بۆیە بەکاتی فێنکی دەبێت تۆڕەکان لەنێو ئاوەکەدا بێننەوە".

عەزیز محەمەد وتیشی: ''لە دوێنێوە هاتووین تۆڕمان هەڵخستووە، ئەمڕۆ هەڵامان گرتۆتەوە، یەکی ١٥ هەزار بۆ ٢٠ هەزار کەوتووین".

سەبارەت بە جۆرەکانی تۆڕ ئەو راوچیەی ماسی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەپێی خواستی خۆیان بۆ گرتنی ماسی گەورە یان بچووک تۆڕەکان هەڵدەدەن و دەڵێت: " تۆڕ هەیە بۆ ماسی سەروو ١٠ کیلۆیی، هەیە بۆ سەروو ٢٠ کیلۆیی، هەشمانە بۆ خوار پێنج کیلۆیی، تۆڕی تایبەتیش هەیە بە ماسی زۆر ورد کە بۆ سوورکردنەوە دەبێت و بە سێ دانەیان کیلۆیەک نابن".

راوچیانی ماسی لە پرۆسەی راوکردنەکەیاندا چەندین تۆڕ دەخەنە نێو بەلەمێکەوە کە بە سەوڵ و بە ماتۆڕیش کار دەکات، لەو شوێنانەی نزیک دەبنەوە لە تۆڕەکە بە سەوڵ کار بە بەلەمەکە دەکەن بۆ ئەوەی دەنگە دەنگی ماتۆڕەکەی ماسییەکان پەرت نەکات و لەو تۆڕە دووریان بخاتەوە کە هەڵیدەخەن، دواتر دوای هەڵگرتنەوەی تۆڕەکان بە ماتۆڕەکە کاری پێدەکەن و دەچنە سەر تۆڕێکی تر کە هەڵیانخستووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن