عەلی شامار......دەروێشی كوردایەتی

کەلتوور

28/06/2021     ژمارەی بینراو 668

عیماد ئەحمەد

ئەگەر گوێمان لەناوی نەبێت و تەنها تۆماری ژیانی سەیر بكەین، لە پاڵەوانی رۆمانەكان ئەچێت، پاڵەوانێكی بزێو و ئیرادەخواز، پاڵەوانێك كە بەگژ قەدەرو چارەنووسدا دێتەوە،  بەقوڕی نەهامەتی و عەرەقی ماندوێتی دیواری ژیان دروست بكات و بیەوێ بەهەنگاوەكانی نەخشەیەكی تازە لەسەر روخساری زەوی دروست بكات. بەڵام لەبری ئەوە قەدەری بوو ببێتە یەكێك لە پاڵەوانەكانی شاڕۆمانی كوردایەتی، شوێنپێی شەهابی (كەڵ ژیان)و ئارامی تێكۆشان هەڵگرت، قەدەری بوو لەبری ئاوەدانكردنەوەی دنیای خەیاڵ، ماڵی راستەقینەی خەبات و  شۆڕشی نوێ ئاوەدانتر بكاتەوە.

 عەلی شامار، كاراكتەرە جیاوازەكەی شۆڕش، چیرۆكی ژیانی لە كۆڵانە تەسكەكانی خانەقین بە كولەمەرگی و نەهامەتی دەست پێدەكات و دواتر دەبێتە یەكێك لە عاشقانی كوردایەتی. ئەو لای من هەمیشە لەدارخورمایەكی تەنیا و باڵابەرزی خانەقین، یان دارگوێزێكی بناری قەندیل ئەچێت، چونكە ئەو خۆڕسكانە خۆی پەروەردە كرد، بەتەنیا و لە ژێر باری قورسی ژیانێكی كولەمەرگی پێگەیشت، بەڵام كە لق و پۆپی لێ بووەوە، كاتێ سێبەری دروست كرد، بەوانی تری بەخشی!

 خەڵكی خانەقین و هەموو ئەوانەی عەلی شامار لە نزیكەوە ئەناسن، ئەزانن، ئەو لە ئەزەلەوە نازی دایك و باوكی نەبینی، پشتی بە خوشك و برا قایم نەبوو، تەنانەت تامی جەژنێكی لەباوەشی دایك و باوكی نەكرد، لەبری ئەوە نەنكی و مامی لەمنداڵییەوە بەخێویان كرد و لە سایەی ئەوانەوە پێی گرت و گەورە بوو، ئیتر ئەزموونی تاڵی ژیان كردی بە تێكۆشەر و پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتی و شۆڕشی نوێ. 

كاك عەلی پیاوێكی سوور و سپی، قژكاڵی پڕ، برۆ ئەستور، چاو تیژ، دەست و مەچەك و بازوو ئەستور و ناوشان پانە، كە سەیری ئەكەم وام بەخەیاڵدا دێت كە خوا بۆ پێشمەرگایەتی و یەكێتی دروستی كردووە.

عەلی شامار لە هەرزەكارییەوە خەریكی كارو كاسبی بوو،  سەرەتا عەرەبانەیەكی دەستگێڕی هەبوو شتی لەسەر دەفرۆشت، دواتر كردی بە دوكان، لەو كاتەشەوە عەلی شامار تەنیا خەریكی فرۆشتنی میوەو سەوزە نەبوو، بەڵكو لە راستیدا خەریكی  بڵاوكردنەوەی بیری كوردایەتی و پەیداكردنی دۆست و لانگر بوو بۆ كۆمەڵە. من لە ساڵی 1972 لە یەكێتی لاوانی خانەقین ئەوم ناسی كە ئەندامی لق بوو، لەهەمان كات ئەندامی كۆمەڵەش بوو، ئیتر بە یەكەوە خەباتمان لە چوارچێوەی كۆمەڵە دەكرد. كۆمەڵە یەكەم وێستگەی ناسینی من و ئەو بوو ، لەوێوە دەستمان پێكرد و تائێستاش ئەو پەیوەندییە گەرمەی نێوانمان هەر ماوە، سەرەڕای دۆخی تەندروستی بە تەلەفۆن هەواڵی دۆست و برادەرەكانی دەپرسێت و ئەوەندەی بۆی بكرێ دۆست و ھاوڕێ و خۆشەویستانی بەسەردەكاتەوە.

وەكو ئێستا بیرمە لەشەوەزەنگی شكستی شۆڕشی ئەیلول و لە جەرگەی ئەو نائومێدییە تاڵەی بەسەر هەموو كوردێكی ئەم سەرزەمینەدا هات، عەلی شامار هەمیشە حەماسی كوردانەو نەبەزینی لێ ئەباری، دوای دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ و دەنگۆی چوونەوە شاخ و بوون بە پێشمەرگە، پەلەی ئەوەی بوو چۆن پەیوەندی بەشۆڕش و ھێزی پێشمەرگەوە بكات، یەكەمین كەسیش بوو لەگەڵ كاك شێروان شێروەندی و شەهید مەلازم جوامێر و عەلە رەش و كوڕەكەی شەهید ئازاد و شەهید مامۆستا داود و مەلا بەختیار، لە ناوچەی خانەقینەوە بوون بە پێشمەرگە و شەرەفی پێشمەرگەی (٧٦)یان پێ بەخشرا.

عەلی شامار كوڕی خانەقین و گەرمەسێر بوو، بەڵام عەشقی كوردایەتی، كردی بەپێشمەرگەی هەموو كوردستان، كە رووی لەپێشمەرگایەتی كرد، پەروەردەو شێوەزاری قسەكردن و داب و نەریتی  خانەقینیی بوو، بەڵام لە قەندیل و شارەزور و شارباژێر پێشمەرگایەتی كردو  قودرەتێكی باشی راهاتن و هەڵكردنی پەیداكرد، واتا لەكوێ بوایە بۆ ئەو كێشە نەبوو. بەدرێژایی ژیانی پێشمەرگایەتی عەلی شامار ئەركەكانی بەزیادەوە بەهەموو لایەنەكانیەوە جێبەجێكردو تەنانەت رۆژێك لە رێبازەكەی لاینەدا.

لە شۆڕشدا پیاوێكی ئازا بە هیمەت بوو، بەشداری چەندین داستان و نەبەردی كردوە،  لە شەڕی دەستەویەخەی دێی سەی خەلیلی گەرمیان لەساڵی (١٩٨٤) بە برینداری لەگەڵ ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان سەرەڕای گەمارۆدانیان لەلایەن هێزێكی زۆرەوە بەرگریەكی بێ وێنە دەكەن و شكست بە هێزی دووژمن دێنن، بەڵام بە داخەوە لەو شەڕەدا مولازم رەحیم شەهید دەبێت و مامۆستا سۆران و شەهاب ئەحمەد عەتار بریندار دەبن و چوار كەسی بێ تاوانی كوندەكەش لە لایەن (بارق)ی فەرماندەی هێزەكەی دووژمن گولەباران دەكرێن.

داخ و هەزار حەیف ماوەیەكە بە هۆی  نەخۆشییەكی نەگریسەوە بە جەستە لە هاوڕێكانی دوورە، بەڵام هەرگیز وەفا و قسە خۆشەكانی لە ئاسمانی خۆشەویستیدا ئاوا نابن.

دوای ئەو تێكۆشانە دوور و درێژو بێ پسانەوەیە، ئەركمانە وەكو یادگارییەكی نایابی سەردەمێكی زێڕٍین، رێز لە كاك عەلی شامار و هاوشێوەكانی بگرین، بیانكەین بە سەرچاوەی ئیلهام و دەرس و پەند بۆ ئێستا و داهاتوومان.

پێویستە هەمیشە ئاوڕی وەفا و ئەمەك لەو خەباتكارانەی خۆمان بدەینەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن