بنیاتنانەوەی کڵێسایەک لە موسڵ کە تەمەنی ١٥٨ ساڵە و لەلایەن داعشەوە رووخێندراوە

ڕاپۆرت

05/07/2021     ژمارەی بینراو 280

راچڵەکین-AA

کڵێسای مار تۆما سەربە سریانەکانی کاسۆلێک کە تەمەنی ١٥٨ ساڵە بە یەکێک لە کڵێسا دێرین و شوێنەوارییەکانی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق دادندرێت، دوای ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر بەشێکی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووخێنرا، سەرلەنوێ بە یارمەتیی دارایی ھاووڵاتییان و رێکخراوێکی مەسحییەوە، بنیاتنرایەوە.

کڵێساکە دەکەوێتە ناوچەی مووسڵی کۆنەوە کە ژمارەیەکی زۆری کڵێسای تیادابوو کە زۆربەیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووخێنراون و تا ئێستا بنیات نەنراونەتەوە.

کڵێساکە لە ساڵی ١٨٦٣ی زایینیی بنیاتنراوە کە ژمارەیەک دەستنووس، کتێب و تابلۆی شوێنەواریی تیایدابووە کە لە میانی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دزراون، جگە لەوەیش تیرۆریستانی داعش نیازیان ھەبووە کڵێساکە بتەقێننەوە.

قەشە بیوس عەفاس کە ماوەی ٥٠ ساڵە کڵێساکە بەڕێوەدەبات وتی: "کڵێساکەمان بە یارمەتی دارایی ھاووڵاتییان و رێکخراوێکی مەسیحیی دووبارە بنیاتناوەتەوە".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە ماوەی دوو ساڵ بوو، ھەڵمەتی دووبارە بنیاتنانەوەی کڵێساکە دەستی پێ کرابوو و گوتی:

"بەبۆنەی جەژنی مار تۆما و بە ئامادەبوونی مەتران، یوحەننا بوترس موشێ لە رێورەسمێکی ئاینییدا، کڵێساکە بەڕووی نوێژخوێنانی مەسیحیی لە ناوچەی مووسڵی کۆن کراوەتەوە".

قەشە بیوس عەفاس گوتیشی: "دوای ئەوەی کە ئەم کڵێسایە دووبارە بنیاتنرایەوە، ئومێد دەکەم ئاوارە مەسیحییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شاری مووسڵ، بەھیوای ئەوەم ئەو خەونەم بەم زووانە بەدی بێت".

لای خۆیەوە ھاووڵاتییەکی مەسیحی بەناوی مەھا ئیسماعیل وتی: "لە میانی داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، لەگەڵ خێزانەکەم بەرەو شاری ھەولێر ئاوارەبووین، ئەمە یەکەمجارە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە سەردانی کڵێسای مار تۆما دەکەم، لەڕاستییدا زۆر دڵخۆشم کە دەبینیم بە ھەوڵی رۆڵەکانی مەسیحیی سەرلەنوێ کڵێساکە بنیاتنراوەتەوە کە لەئێستادا پێشوازی لە نوێژخوێنان دەکات، بە تایبەتیش کە یەکەم کڵێسایە لە ناوچەی مووسڵی کۆن بنیاتنراوەتەوە".

مەھا ئیسماعیل وتیشی: "دووبارە ئەنجامدانی رێورەسمی ئایینیی لە کڵێسای مار تۆما لە ناوچەی مووسڵی کۆن، سەرەتای گەڕانەوەی ئاشتیی و سەقامگیرییە بۆ شاری مووسڵ و خەڵکەکەی کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئێمە دەکەن".

ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی مەسیحی لە شاری مووسڵ نیشتەجێبوون، بەڵام لە میانی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە، ژمارەیان کەمبوویەوە و بەشێکی زۆریان بەرەو ھەرێمی کوردستان ئاوارەبوون.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، تا ئێستا ٥٠ بۆ ٦٠ خێزانی ئاوارەی مەسیحیی گەڕاونەتەوە شارەکە، ئەمە وێرای ئەوەی رۆژانە ئاوارە مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان بە ئامانجی کارکردن و خوێندن دەچنە شاری مووسڵ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن