راوێژكارێكی مەسرور بارزانی: ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت بەردەوام بێت.. هەرێمی كوردستان 60-80 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 582

راچڵەكین-

راوێژكارێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی 60 بۆ 80 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات.
 
بێوار خنسی، راگەیاند: "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردووەوە و بەردەوام دابەزینی تاوەكو ئەمڕۆ، داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عیراقیش بە گشتی كەمدەبنەوە، چونكە هەرێمی كوردستان و عیراق وەكو سەرچاوەی سەرەكیی داهاتەكانیان پشت بە نەوت دەبەستن."
 
وتیشی: "عیراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت رۆژانە نزیكەی سەدان ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات كە دەگاتە نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار، هەروەها هەرێمی كوردستانیش بەلانیكەمەوە مانگانە لەنێوان 60 بۆ 80 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
بەوتەی خنسی، هەرێمی كوردستان و عیراق لانیكەم "بۆ هەر بەرمیلێك پێنج دۆلار زیانیان پێدەگات، بۆیە ئابووریی هەردوولا راستەوخۆ بەم دابەزینە كاریگەر دەبێت."
 
رۆژی یەكشەممە 18ی تەممووزی 2021 هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەس بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنی بەرهەمهێنانی نەوتی تاوەكو ساڵی 2022 دا، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەوە هەبوو نرخی بەرمیلێك نەوت نزیكەی 10%ی نرخەكەی لەدەستبدات و لە 78 دۆلارەوە بۆ بەرمیلێك نەوتی برێنت بۆ 69 دۆلار دابەزێت.
 
لەو كۆبوونەوەیاندا وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنان لە 43 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بۆ 45 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیدبكات تاوەكو ئایاری ساڵی 2022.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن