70هەزار گەشتیار تا یەكەم رۆژی جەژن روویان لە سلێمانی كردووە

کوردستان

21/07/2021     ژمارەی بینراو 282


راچڵەكین-

تا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان 70 هەزار گەشتیار روویان لەپارێزگای سلێمانی كردوە. بەووتەی لێپرسراوانی گەشتوگوزاری پارێزگاكە:"لەو ماوەیەدا 14 ملیۆن دۆلار داهاتی گەشتیاری هەبووەو بۆ كۆتایی جەژنیش ژمارەكە زیاد دەكات."

داسیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاندووە:" تەنها لەماوەی 5 رۆژی رابردوودا تا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان 70 هەزار گەشتیار لەڕێی بازگەكان و دەروزاوەو فڕۆكەخانەوەو روویان لەپارێزگای سلێمانی كردوە كە85%یان گەشتیاری ناوەڕاست و باشوری عیراقن و بەشێوەی گروپ هاتون."

وتیشی:" لەپێش جەژندا وەك بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی پلانێكی تۆكمەمان دانا بۆ پێشوازیكردن لەگەشتیاران، بەتایبەت لەهەردوو بازگەی تاسڵوجەو عەربەت و فڕۆكەخانەی سلێمانی، جگە لەوەش 5 لیژنەی جیاوازی گەشتوگوزاری سلێمانی لەئەركدان بۆ چاودێریكردنی هۆتێل و مۆتێل و ریستۆرانتەكان و نرخی شوێنە گەشتیارییەكان و خواردنگەكان و تائێستا هیچ كێشەیەك بۆ گەشتیاران دروستنەبووەو نرخەكانیش جێگیرن."

بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی راشیگەیاند:" بەپێی ئەو خەمڵاندنەی كردومانە بۆ ئەو 70 هەزار گەشتیارەی هاتوون، ئەگەر هەر گەشتیارێك تەنها 200 دۆلار خەرجبكات ئەوا تا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان 14 ملیۆن دۆلار داهاتی گەشتیاری بووە كە ئەوەش داهاتێكی باشی ئابورییە بۆ هەرێم و  پارێزگای سلێمانی."

ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی دەكەن تا كۆتایی رۆژانی جەژن ژمارەی گەشتیارانی هاتوو بگاتە 130 هەزار كە بەراورد بەجەژنی رەمەزان كە گەیشتبوە 110 هەزار ژمارەكە زیاد دەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن