كازمی: هەڵبژاردن لەوادەی خۆی ئەنجام دەدرێت

عێراق

29/07/2021     ژمارەی بینراو 163

راچڵەكین –

مستەفا كازمی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ ئەمریكا هێناو گەڕایەوە عیراق، راشیگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەی خۆی ئەنجام دەدرێت و تا كۆتایی ئەمساڵیش سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا خاكی عیراق بەجێدەهەڵێن.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا، ناوەڕۆكی سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكاو كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆبایدن و دیدارەكانی دیكەی لەو وڵاتە ئاشكراكردووە، كە دیداری پڕبەرهەم و دەستكەوت بووە لەبوارەكانی ئەمنی، ئابووری، ووزە، تەندروستی و وەبەرهێنان.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە كە بەگوێرەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا، تاوەكو رۆژی 31-12-2021، هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەو وڵاتە لەسەر خاكی عیراق نامێنێت، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی دیاریكراو لە 10-10-2021 ئەنجام دەدرێت، راشیگەیاند: بایكۆتكردنی پرۆسەكە خزمەت بە كەس و لایەنێك ناكات.

رۆژی 25ی ئەم مانگە، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەتی عیراق، كە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستانیشی لەگەڵ بوو، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەمریكاو لەگەڵ جۆبایدن سەرۆكی ئەو وڵاتەو نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆبووەوە، هاوكات چەندین دیداریشی لەگەڵ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن