پزیشكێك هۆشداری له‌ پاكوخاوێنی زۆر ده‌دات

تەندروستی

01/08/2021     ژمارەی بینراو 353

پزیشكێك هۆشداری له‌ پاكوخاوێنی زۆر ده‌دات


ڕاچڵه‌كین-

ئێمە ئەوەندە گرینگی بە پاک و خاوێنیی منداڵەکانمان دەدەین، کەچی بەردەوام نەخۆشن. لەو لاشەوە منداڵی‌ گەڕەکە میللییەکان بەردەوام بە پێی پەتییەوە لەناو چڵکاون، قەت نەخۆش ناکەون!" ئەمە وتەیەکی‌ زۆر باوی‌ ژنانی‌ خوێندەوارن، دكتۆر زانا پزیشکی‌ پسپۆڕی‌ هەناو ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌دات.

زۆر جار نامانەوێت باوەڕ بەوە بێنین ئەم قسەیە ڕاست بێت، بەڵام ناشمانەوێت فێڵ لە خۆمان بکەین و لە دڵەوە پێمان وایە لە واقیعدا وایە. بۆیە پێویستە لە ڕووی‌ زانستییەوە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کە ئەو بانگەشەیە ئەسڵی‌ هەیە یان نا؟

ئەوە زۆر بەڕوونی‌ دیارە کە لەم سەدەیەی‌ ڕابردوودا حاڵەتەکانی‌ تووش بوون بە نەخۆشی زۆر زیادی‌ کردووە، زانایانی‌ بواری‌ تەندروستی‌ بەدوای‌ هۆکانی‌ ئەو بەرز بوونەوەیەن. هەندێ هۆیان بەتەواوی‌ سەلماندووە و هەندێ هۆی‌ تریشیان وەک گریمانە خستووەتە ڕوو، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو گریمانانە لەجێن. 
یەکێک لەوانە "گریمانەی‌ پاکی-Hygiene Hypothesis"ە، بەو واتایەی‌ زیاد گرینگی‌ دان بە پاکی‌، سەردەکێشێ بۆ نەخۆشی! سەیر نییە؟!

گشت کۆئەندامەکانی‌ لەش، چەند زیاتر بەکار بهێنرێن و ڕووبەڕووی‌ کۆسپ ببنەوە، ئەوەندە بەهێزتر دەبن. هەندێک لەوانە بە چاو دەبینین، وەک ئەوەی‌ کە ماسوولکەکانمان بە زۆر مەشق پێکران و قورسی پێ هەڵگرتن، گەورە و پتەو دەبن. ڕێک وەک ئەوە، کۆئەندامی‌ بەرگرییش ئەو کاتە بەهێز دەبێت کە بخرێتە گەڕ، نەک ئەوەی‌ بەردەوام پشووی‌ پێبدرێت. بۆیە ئەگەر بێت و رێژەی‌ ئەو میکرۆبانەی‌ دەچنە ناو لەشەوە گەلێک کەم بن، بەتایبەتی‌ لە سەرەتاکانی‌ قۆناغی‌ منداڵیدا، بەرگری‌ بەهێز نابێت. هەر بۆیە لە ئایندەشدا ناوانێت ڕووبەڕووی‌ نەخۆشی و میکرۆبی‌ زۆر ببێتەوە. ئەمەش سەردەکێشێت بۆ زیاد بوونی‌ ئەگەری‌ تووشبوون بە چەند نەخۆشییەک، بەتایبەت ئەوانەی‌ پەیوەندییان بە بەرگریی لەشەوە هەیە، وەک یەکەم جۆری‌ نەخۆشیی شەکرە، ڕەبوو، هەستیاریی لووت و پێست (ئەکزیما). 

هەروەها چەند نەخۆشییەکی‌ تریش وەک شێرپەنجەی‌ خڕۆکە سپییەکانی‌ خوێن و ئۆتیزم و خەمۆکی‌، بۆیە دەبێ بزانرێ جەستەمان لە هەموو ڕووێکەوە حەزی‌ بە مامناوەندێتییە، وەک چۆن بە گەرمیی زۆر و ساردیی زۆریش تێکدەچێت، ئاواش بە پیس و پۆخڵی‌ و لە هەمان کاتیشدا پاکیی زیاد لە پێویست تێکدەچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن