ئەمریكا: ئێران هێرشی سەر كەشتییە ئیسرائیلییەكەی ئەنجامداوە

جیهان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 251

راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەركۆنەی ئێرانی كردو بەرپرسیارێتی هێرشكردنە سەر كەشتییەكی گواستنەوەی سەربە كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی لە زەریای هیندی، خستە ئەستۆی ئەو ولاتە.

ئەنتۆنی بلینكن لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لەژێر رۆشنایی ئەو زانیاریانەی دەستكەوتووە، دڵنیان لەوەی هێرشی سەر كەشتی M/T Mercer Street لە ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا كە گیانلەدەستدانی دوو كەسی لێكەوتەوە، ئێران لە رێگەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانییەوە ئەنجامیداوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لەوە كرد كە هێرشەكەیان سەركۆنە كردووەو و رایگەیاند ''مایەی قبوڵكردن نییە، ئەو جۆرە كردانە هەڕەشەن لەسەر ئازادی گەڕان، گواستنەوەی نێودەوڵەتیی و بازرگانیی''.

ئەنتۆنی بلینكن هەروەها باسی لەوە كرد كە ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ هەنگاوی دواتر كردووە و لەگەڵ حكوومەتەكانی ناوچەكەدا راوێژی كردووە لەبارەی وەڵامدانەوەیەكی گونجاوی هێرشەكە.

رۆژی 29ی تەمووز لە زەریای هیندی هێرشكرایە سەر كەشتییەكی گواستنەوەی ئیسرائیلی كە لە تەنزانیا-وە بەرەو ئیمارات دەڕۆیشت و لە ئەنجامدا، دوو كارمەندی سەر كەشتییەكە كوژران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن