لە هەولێر لە لایەن دوو کەسەوە هێرشکرایە سەر بەڕێوەبەری دابەشکردنی ڤاکسین

کوردستان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 160

راچڵەکین-

لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر ‌هێرشکرایە سەر جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری و سەرپەرشتیاری دابەشکردن و وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر.

دکتۆر هەردی ساڵح عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری و سەرپەرشتیاری دابەشکردن و وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر لە پارێزگای هەولێر، رایگەیاندووە:" کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 02-08-2021 دوو کەسی ئەمنیی کە یەکێکیان جلوبەرگی ئەمنی و ئەوەی دیکەش کە جلوبەرگی مەدەنی لەبەربوو لە سەنتەری وەرگرتنی ڤاکسین لە نەخۆشخانەی رزگاری هێرشیان کردەسەرم و پەلاماریاندام و قسەی ناشرینیان پێگوتم و دواتر رۆیشتن."
 
دەربارەی هێرشەکە ئاماژەی بەوەشکردووە:" یەکێکیان کە جلوبەرگی سەربازیی لەبەردابوو داوای لێکردم بەبێ نۆرەگرتن و بەبێ ئەوەی کاتی وەرگرتنی ڤاکسینی هاتبێت ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری فایزەری لێبدەین، بەڵام پێمگوت کە ئەوە رێگەپێدراو نییە تاوەکو ناوی خۆت لە سیستەمی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا تۆمارنەکەی، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڤاکسینی پێبدرێت. "
 
دەشڵێت:"وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێممان لەو کارە ئاگادارکردووەتەوە و هیوادارم بەزووترین کات سزای ئەو کەسانە بدرێت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت". 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروتسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت:"هیوادارین هاووڵاتیان بەبێ خۆتۆمارکردن و گەڕانەوەی وادەی وەرگرتنی ڤاکسین نەچێتە بەردەم بنکەکان، چونکە سیستەمێکی زۆر گونجاوی سەردەمیانە دانراوە و هەموو هاووڵاتیان لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە خۆیان تۆماربکەن و دواتر لەڕێگەی نامەوە پێیاندەگوترێت کە ناویان لە چ شوێنێک هاتووەتەوە.هەر کەسێک سەرپێچی لەم شێوەیە بکات رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن