ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون

کوردستان

20/08/2021     ژمارەی بینراو 1000

راچڵەکین-
ڕێکەوتی لە دایکبوون یەکێکە لە زانیارییەکانی تۆماری هاوڵاتیانی عێراقی کە لە بەڕێوبەرایەتیەکانی ڕەگەزنامە و باری شارستانی پارێزگاکان تۆمارکراوە و پێکدێت لە ڕۆژ و مانگ و ساڵی لە دایکبوون. لەبەر ئەوەی داواکانی ڕاستکردنەوە تەمەن لە زیاد بووندایە و پرسیارێکی زۆری لەسەر دەکرێت، بۆیە بە پێویستم زانی ڕوونکردنەوەیەکی تەواو لەسەر بابەتەکە بنووسم. بە شێوازێک کە کەسانی یاسایی و ئاسایی تێگەیشتنیان بۆ بابەتەکە هەبێت.

پرسیار ١: کێ دەتوانێت داوای ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون تۆمار بکات؟
وەڵام: هەموو تاکێکی عێراقی دەتوانێت لە دادگاکان داوای ڕاستکردنەوەی تەمەن تۆمار بکات، وە بۆ ئەو کەسانەیی کە خوار (١٨) ساڵن، (ناکام، قاصر) ئەوا وەلییەکەی داوا تۆمار دەکات.

سەبارەت بە بریکار (وکیل) کەسی داواکار دەتوانێت بریکارنامە بکاتەوە بۆ پارێزەر، یان بۆ  کەسە نزیکەکانی تا پلە دوو (پاڵپست بە ماددەی (١٩) لە یاسایی پارێزەرایەتی هەرێمی کوردستان  (ژمارە ١٧ بۆ ساڵی ١٩٩٩- ڕاستکراوە) . ئەو بریکارنامەیەی کە دەکرێتەوە بۆ مەبەستی داواکانی ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون پێویستە بریکارنامەی تایبەت بێت کە ڕاستکردنەوەکە دیاری بکات لەو ڕێکەوتی لە دایکبوونەی کە هەیەتی بۆ ئەو ڕێکەوتی لە دایکبوونەی کە دەیەوێت. وە ئەگەر بریکارنامەکە گشتی بوو پێویستە لە بریکارنامەکە دەقێکی ڕاست و ڕەوان هەبێت کە دەسەڵات (تخول) بە بریکارەکە بدات لەو ڕێکەوتی لە دایکبوونەی کە هەیەتی بۆ ئەو ڕێکەوتی لە دایکبوونەی کە دەیەوێت. لەبەر ئەوەی ڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی تۆماری هاوڵاتی لە مافە کەسییەکانن (الحقوق الشخصیة) کە یاسا بە واجبی داناوە ڕێپێدانی تایبەت (تفویض خاص) هەبێت. ئەمەش پاڵپشتە بە بڕگەی (ب) لە ماددەی (٣١) لە ڕێنماییەکانی باری شارستانی ژمارە (١) بۆ ساڵی (١٩٧٥).
پرسیار ٢: ئایا دەتوانم ڕاستکردنەوە بۆ ڕێکەوتی لە دایکبوونم بکەم بە پێی یاسایی عێراقی؟
وەڵام: بەڵێ، یاسایی عێراقی ڕێگەی داوە یەک جار ڕاستکردنەوە بکرێت بۆ ڕێکەوتی لە دایکبوون، ئەمەش پاڵپشتە بە (بڕگەی دووەم لە ماددەی (٣٠) یاسایی کارتی نیشتیمانی ژمارە (٣ بۆ ساڵی ٢٠١٦). هەروەها ڕاستکردنەوەی هەر بەشێک لە بەشەکانی ڕێکەوتی لە دایکبوون داننانە (اقرار) لەسەر ڕاست و دروستی بەشەکانی تری ڕێکەوتی لە دایکبوون، بۆ نموونە کاتێک ڕاستکردنەوە بۆ مانگی لە دایکبوونت دەکەیت بەتەنها، واتە اقرارت کردووە لەسەر ڕاست و دروستی ڕۆژ و ساڵی لە دایکبوونت.
وە پێویستە ڕاستکردنەوی تەمەن ڕێگرییە یاساییەکان تێپەڕێنێت.
پرسیار ٣: ڕێگرییە یاساییەکانی ڕاستکردنەوەی تەمەن چین؟
وەڵام: ئەمانەی لای خوارەوەن:
١- نابێت لە دایکبوونەکە لە ناو نەخۆشخانەیی حکومی یان ئەهلی ڕوویدابێت.
٢- پێویستە ئەو ڕێککەوتی لە دایکبوونەی کە داوا دەکرێت، ڕێکەوتی ڕێکخستنی بەڵگەنامەی تۆمارکردنەکە (بڕوانامەی لە دایکبوون، بەڵگەنامەی لە دایکبوون، ڕێکەوتی سەرژمێری... )ی تێنەپەڕاندبێت.
٣- نابێت پێشتر ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوونی کردبێت.
٤- نابێت کەسی داواکار فەرمانبەر بێت.
٥- ئەو ڕێکەوتی لە دایکبوونەی کە داوادەکرێت، نابێت دژیەکی هەبێت لەگەڵ ڕێکەوتی گرێبەستی هاوسەرێتی دایک و باوکی کەسی داواکار یان ڕێکەوتی مردن و جیابوونەوە ئەگەر هەبێت.
٦- نابێت ئەو ڕێکەوتی لە دایکبوونەی کە داوا دەکرێت، دژیەکی هەبێت لەگەڵ ڕێکەوتی لە دایکبوونی خوشک و براکانی.
٧- پێویستە وەڵامی لیژنەی پزیشکی هەمیشەیی سەبارەت بە ساڵی لە دایکبوونی کەسی داواکار یەکبگرێتەوە لەگەڵ ئەو ساڵەی کە لە تیانووسی داواکە دیاریکراوە. (ئەمەش لەکاتێکدایە ئەگەر هاتوو ساڵی لە دایکبوونەکەی گۆڕی بۆ نموونە لە ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦).
سەرەڕای چەند ڕێگرییەکی تایبەتمەندی تر.. 
پرسیار ٤: چۆن بتوانم دادگای تایبەتمەند هەڵبژێرم بۆ تۆمارکردنی داوای ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون؟
وەڵام: پێویستە کەسی داواکار زانیاری هەبێت لەسەر ئەو بەڵگەنامەیی کە پێی تۆمارکراوە، ئەگەر هاتوو داواکار بە (سەرژمێریەکان و شهاده ولادە و بەیان ولادە و ئیعلام ولادە) تۆمارکرابوو لە بەڕێوبەرایتیەکانی ڕەگەزنامە و باری شارستانی پارێزگاکان، پێویستە داواکەی لە دادگای بەرایی تۆماربکات.
وە ئەگەر کەسەکە بە (حجه ولادە) تۆمارکرابوو پێویستە لە دادگای باری کەسێتی (ئەو دادگای کە حجە ولادەکەی دەرکردووە) داوا تۆمار بکات. ئەمەش پاڵپشتە بە قەرارەتی تەمیزی نوێ.
پرسیار ٥: داواکانی ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون لەسەر کێ تۆمار دەکرێت؟
وەڵام: ئەوەی کە تایبەتە بە دادگاکانی بەرایی پێویستە داواکانی ڕاستکردنەوەی تەمەن لەسەر دوو داوا لەسەرکراو بێت:
١- بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی یان هەولێر یان دهۆک/ سەرەڕای کارەکەی.
٢- وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ سەرەڕای کارەکەی.
وە پێویستە ناوەڕۆکی تیانووسی داواکە، ڕاستکردنەوە بێت لە سیستمی ئەلیکترۆنی کارتی نیشتیمانی.
 ئەوەی کە تایبەتە بە داواکانی دادگای باری کەسێتی پێویستە کەسی داواکار داوا تۆمار بکات لەسەر ئەو کەسەی کە حجە ولادەکەی دەکردووە، کە زۆرجار باوکیەتی، ئەگەر باوکی لە ژیاندا نەمابوو لەسەر دایکی یان وەرەثەی گەورە، وە لەم جۆرەی داوا نوێنەری یاسایی بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی داخڵی داواکە دەکرێت وەک کەسی سێیەم بۆ ڕوونکردنەوە. پێویستە ناوەڕۆکی تیانووسی داواکە ڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی ناو بەڵگەنامەی لە دایکبوونەکە (حجە ولادە) بێت.
پرسیار ٦: ئەو ڕێکارانە چین کە دادگا دەیگرێتەبەر بۆ داواکانی ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون؟
وەڵام: دادگا دوای وەرگرتنی داواکە و دیاریکردنی ڕۆژی دادبینی، ئەم ڕێکارانە دەگرێتە بەر:
١- نووسراو دەکات بۆ  فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی کە کەسی داواکار لێی تۆمارە، بۆ هێنانی وێنەی تۆماری کەسی داواکار و دایک و باوک و سەرجەم خوشک و براکانی بە تەواوی زانیاریەکانەوە.
٢- نووسراو دەکرێت بۆ نووسینگەی لە دایکبوون و مردنی تایبەتمەند بۆ هێنانی وێنەی تۆماری لە دایکبوون.
٣- نووسراو دەکرێت بۆ هۆبەی بایۆمەتری ئەو پارێزگایەی کە داواکەی لێ تۆمارکراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت کەسی داواکار فەرمانبەرە یاخود نا.
٤- ئەگەر کەسی داواکار گۆڕانکاری لە ساڵی لە دایکبوونەکەی بکات، دادگای ڕەوانەی لیژنەی پزیشکی هەمیشەیی دەکات.
٥- وەرگرتنی وتەی دوو شایەت، کە سوێندی یاسایی دەدرێن لەسەر ناوەڕۆکی تیانووسی داواکە.
دوای ئەوەی کە بڕیار دەرچوو بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوون، پێویستە کەسی داواکار کۆپیەکی پەسەندکراو لە بڕیارەکە، دوای وەرگرتنی پلەی کۆتایی ببات بۆ نووسینگەی لە دایکبوون و مردن. دوای ڕاستکردنەوە تەمەنەکەی لە تۆمارەکانی لە دایکبوون و مردن، وێنەیەکی نوێ لە وێنەی تۆماری لە دایکبوون دەبات بۆ فەرمانگەی کارتی نیشتیمانیەکەی. لە فەرمانگەکەش کاری ڕاستکردنەوەی ڕێکەوتی لە دایکبوونەکەی بۆ دەکرێت. پاڵپشت بە ماددەی (٢٩ بڕگەی ١) لە یاسایی کارتی نیشتیمانی ژمارە (٣) بۆ ساڵی (٢٠١٦).
مقدمی مافپەروەر
بێستوون سلێمان حمە أمین
ئەفسەر لە کاروباری یاسایی بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری 
شارستانی سلێمانی
‏‎‏‎‏‎

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن