وەزارەتی رۆشنبیری: كلیپەكەی توانا سەعید هۆكارە بۆ تێكدانی شیرازەی خێزان

هەمەڕەنگ

01/09/2021     ژمارەی بینراو 1314

راچڵەكین-

وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كلیپێك لەلایەن (توانا سەعید) ناوێك لەژێر ناونیشانی (7) بڵاوبووەتەوە كە هۆكارە بۆ تێكدنا شیرازەی خێزان و بێ رێزیكردن بە ئایین و دابوونەریتی كوردی و بەكەم نیشاندانی ئافرەتانە.

وەزارەتی رۆشنبیری داوا میدیا بیستراوو بینراوەكان، هەروەها سایت و پەیج و كەناڵەكانی یوتیوبیش دەكات خۆیان بپارێزن لەنمایشكردنی ئەو كلیپە" ئاست نزمە".

پێشتر، رووپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، بەڵێنی لە وەزیری رۆشنبیری وەرگرتووە بۆ "راگرتنی" كلیپی حەوتی گۆرانیبێژ توانا سەید.  

دەقی راگەیەنراوەكە:  

بەشێك لە بەناو ھونەرمەندان خەریكە ھەموو سنورێكی ئـەخلاقی و ئـادابی گشتی دەبەزێنن:  

بەداخەوە ئـاگادار كراینەوە یەكێك لە بەناو ھونەرمەند (ت.س ) گۆرانیەكی بەرھەم ھێناوە كە دژی ئـایین و دابوونەریتی كوردیە.  

بۆیە من وەك ئەركی سەرشانی خۆم ئەندام لە لیژنەی ڕۆشنبیری و لاوان لە پەڕلەمانی كوردستان ھەموو ھەوڵێكم خستۆتەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئـەم گۆرانیە و كلیپەكەی.  

بەڵێنم لە وەزیری ڕۆشنبیری وەرگرتووە كە ئـەم كلیپە و گۆرانیەكەی بەھۆكاری تێكدانی شیرازەی خێزان و بێ ڕێزیكردن بە ئـاین و دابوونەریتی كوردی هاوكات بەكەمنیشاندانی ئافرەت ڕابگرێت.  

ڕووپاك ئەحمەد وەرتی
 ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری لاوان لەپەڕلەمانی كوردستان  
بەروار. 2021/8/31  


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن