شەش ئەندامی داعش لەكەركوك كوژران

عێراق

12/09/2021     ژمارەی بینراو 261

راچڵەكین-

سوپای عیراق بڵاوی كردەوە، ئەو تیرۆریستانەی داعش كە شەوی رابردوو پەلاماری خاڵێكی لیوای ٢٠ی سەربە فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵییان دا لە پارێزگای كەركووك لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق، كوژران.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو تیرۆریستانەی داعش كە شەوی رابردوو پەلاماری خاڵێكی لیوای ٢٠ی سەر بە فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵییان دا لە باشووری پارێزگای كەركووك، دوای ھەڵاتنیان لەناو حەشارگەیەكدا خۆیان حەشاردابوو، كە دواتر لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی سوپاوە بۆردومان كران.

بەپێی راگەیەندراوەكە دوای بۆردومانەكە، ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیی ئۆپەراسیۆنێكی پكشنینیان لە ناوچەكە ئەنجامداوە كە لە میانیدا، تەرمی شەش تیرۆریستی داعش و بڕێك تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنیی لە عێراق بە میدیا لۆكاڵییەكانی رایگەیاندبوو، ھێزەكانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵیی لە میانی راوەدوونانی ئەو تیرۆریستانەی داعش كە شەوی رابردوو پەلاماری ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵییان دا لە سنووری قەزای داقووق باشووری پارێزگای كەركووك، شەش تیرۆریستیان كوشتووە.

شەوی رابردوو، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش، پەلاماری ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵییان دا لە نزیك گوندی سعێدی و لە ئاكامدا، سێ پۆلیس كوژران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن