یەكێتیی ئەوروپا تیمێك بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان رەوانەی عیراق دەكات

عێراق

13/09/2021     ژمارەی بینراو 163

راچڵەكین –

یەكێتیی ئەوروپا لە وەڵامی داواكاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بڕیاریدا بە ناردنی تیمێك بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە لە نووسینگەی نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەوەو ئاسایش بڵاوكراوەتەوە، یەكێتی ئەوروپا تیمێك بە سەرۆكایەتی ڤیولا ڤۆن كرامۆن تۆبادیل، رەوانەی عیراق دەكات بەمەبەستی چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، رەوانەكردنی تیمەكە، لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دێت، كە داوایان كردبوو تیمێكی پسپۆڕ بنێرن بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكەی ئەمساڵی پەرلەمان.

ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر چاودێری بیانی خۆیان ناونووسكردووە بۆئەوەی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن