سەعدی ئەحمەد پیرە روونكردنەوەیەكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

کوردستان

13/09/2021     ژمارەی بینراو 1486

راچڵەكین –

نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە روونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە ئەو بەرپرسەی یەكێتی هیچ لێدوانێكی لەبارەی گۆڕانكاری كورسی لایەنەكان لە سنوری پارێزگای دهۆك دابێت، دەشڵێت: بەهەڵە  لێكدراوەتەوەو بەمەبەست بەرگێكی تری بەبەردا كراوە.

لە روونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە، ئاماژە بەوەشكراوە، سەعدی ئەحمەد پیرە هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە یەكێتی لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەكی تەواو ئارام و مەدەنیانەیە كە هاوشان بێت لەگەڵ بنەماو پڕەنسیپ و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی ڕۆژنامەوانی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە 

لەبەشێك لە سایت و پەیجەكانی سۆشیال میدیا هەواڵێك لەسەر زاری هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە بڵاوكراوەتەوە لەسەر شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن كە گوایە بەڕێزیان باسی لە شێوازێك لە گۆڕانكاری كورسی لایەنەكان لە سنوری پارێزگای دهۆك دەكات، لێرەوە بە هەموو لایەك رادەگەیەنین كە بەڕێزیان هیچ جۆرە لێدوانێكی لەم شێوەیەی نەداوەو بەهەڵە  لێكدراوەتەوەو بەمەبەست بەرگێكی تری بەبەردا كراوە.

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەكی تەواو ئارام و مەدەنیانەیە كە هاوشان بێت لەگەڵ بنەماو پڕەنسیپ و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، بۆیە ئەم شێوازی هەڵبەستن و داڕشتنی هەواڵ و زانیارییانە هیچ پەیوەندی بە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە نییە، بەڵكو تەنها چەند سایت و پەیجێكی سۆشیال میدیا لەپێناو كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنت ئەم جۆرە  كارانەی دوور لە ئیتیك و ئەخلاقی كاری رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن.

نوسینگەی رۆژنامەوانی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن