"لە كۆنفرانسی تایبەت بە ئەفغانستان بەڵێنی پێدانی زیاتر لە 1.1 ملیار دۆلار دراوە"

جیهان

14/09/2021     ژمارەی بینراو 92

راچڵەكین-

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند، لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "دۆخی مرۆیی لە ئەفغانستان" كە لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو، بەڵێنی پێشكەشكردنی زیاتر لە 1.1 ملیار دۆلار بۆ ھاوكاریكردنی ئەفغانستان دراوە.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە كاتی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی پەیوەندیدار بە ئەفغانستان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە نووسینگەی جنێڤی نەتەوەیەكگرتووەكان رێكخست.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، وتی: "ئەم كۆنفرانسە چاوەڕوانییەكانی ئێمەی لەبارەی نیشاندانی ھاوسۆزی بەرانبەر گەلی ئەفغانستان بەجێگەیاند".

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس راشیگەیاند، لە پاڵ حكوومەتی وڵاتان، دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان پشتیوانیان لە كۆنفرانسەكە كردووە.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكراشیكرد، 96 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان، 33 دامەزراوەی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی و 22 كۆمەڵگای مەدەنی نێودەوڵەتیی بەشدارییان لەو كۆنفرانسەدا كردووە.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ئاماژەی بەوە دا كە لە كۆنفرانسەكەدا بەڵێنی پێشكەشكردنی زیاتر لە 1.1 ملیار دۆلار بۆ ھاوكاریكردنی ئەفغانستان دراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن