هۆشیار عومەر: لە قۆناغی دوای هەڵبژاردندا دەمانەوێت بەدەنگێكی بەهێزترەوە قسە بكەین

چاوپێکەوتن

14/09/2021     ژمارەی بینراو 512

راچڵەكین-

ڕێكخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوكات كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە لە هاوپەیمانی كوردستان، گەشبینی خۆی نیشاندەدات لەوەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەكان زۆر زیاتر لەوە دەبێت كە هەندێك كەس پێشبینی دەكەن.

هۆشیار عومەر، لەبارەی ئامانجی هاوپەیمانی كوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئێمە چەند ئامانجێكی سەرەكیمان هەیە یەكەم ئامانجی گەورەمان سەقامگیری و ئاسایش و ئەمنیەتە واتە ئێمە تەنها ئامانجەكەمان ڕووەو بەغداد نییە بەڵكو بەشێكی ڕوو بە كوردستانە و دەمانەوێت ئەم هەڵبژادنە بەهێمنی و بە سەقامگیری بڕوات لە دۆخێكی تەواو جیاواز لەو هەڵبژاردنانەی پێشوو، هەردوولاش ئەو ڕوانینەمان هەیە، دووەم لەسەر دوو ئاراستە ئیش دەكەین ئاراستەیەكیان كوردستانە كە گۆڕانكاری بكەین لە حكومەتی خۆجێیدا و ئێمە لەلای خۆمانەوە دەستمان كردووە بەو پرۆسەیە و هەوڵدەدەین ئەو كەموكورتیانەی هەیە ئێستا ئەو قەناعەتەی ئێمە هەمانبووە و وەكو بەرنامە پێشكەشمان كردووە لای تەواوی پارتە سیاسیەكان دروستبووە لە كوردستان پێویستی بە گۆڕانكاریەكی یەكجار ڕیشەییە و بۆتە خواستێكی نێودەوڵەتیش."

ئەوەشی وت:" ئاستێكی تریان بۆ بەغدادە كە كاری لەسەر دەكەین ئێمە لەسەر ئاستی بەغداد ئامانجمان یەكەم ڕێگریە لەو هەوڵ و هەنگاوانەی لە بەغداد هەیە بۆئەوەی كە دەستكاری سیستەمی سیاسی و دەستور بكرێت، پێمان وایە ئێستا كورد بەراورد بە قۆناغی دوای 2003 یەگجار لاوازە و پەرش و بڵاوە لەڕووی هاوسەنگی هێزەوە ناتوانێت وەكو پێشوو بەشێكبێت لەكۆی بڕیارەكان ئەگەر خۆی كۆبكاتەوە جۆرێك لەیەك وتاری دروست بكات دەتوانێت ئەو مافە دەستوریانە بپارێزێت كە زۆر بەئەستەم بەدەستهاتوون، كە لەپەرلەمانی عێراق كاردەكەین."

ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی كوردستان بۆ ئەنجوومەنین وێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد:"لە قۆناغی دوای هەڵبژاردندا دەمانەوێت بەدەنگێكی بەهێزترەوە قسە بكەین ئەگەر هەر لایەكمان فراكسیۆنێكی جیابێت ئەو ئەزموونەمان كردووە ناتوانێت ئەو كاریگەریەی هەبێت كە ڕەنگە پێكەوە بین لە بەشداری لە حكومەت و بەشداری لە بڕیار پەرلەماندا لە سەرۆكی لیژنەكاندا و كۆتایی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بەكۆی پرۆسەكانەوە هەیە چونكە لە دەركردنی هەموو یاساكاندا ئەوە ڕۆڵی هەیە، ئەمە یەكێكە لەو خواستانەی كە هاوپەیمانانی ئێمە ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە بە بەردەوامی پێمان دەڵێن لە كۆبوونەوەكاندا هەڵبەتە ئەوان گۆڕان وەكو چارەسەر تەماشا دەكەن بەڵام سەریان سوڕماوە لەو ململانیەی بۆنموونە لەنێوان لایەنەكانی دیكەدا هەیە بەڕادەیەك پێیان وایە كە ئەم شێوازی سیاسەتكردنەی كوردە بەم پەرش و بڵاویە ئەوانیشی لاواز كردووە چونكە ئەوانیش پێویستیان بە پشتیوانی كورد هەیە لە بەغداد چ لە ئەنجوومەنی نوێنەران چ لە حكومەتی عێراقیدا بێت، ئەوەی تایبەتە بە پەیامەكان ئێمە هەم بۆ ئەوەیە بەرگری بكەین لەو مافانەی چەسپێراون هەم بۆ ئەوەیە ئەو مافانەی كە پشتگوێ خراون چ مافە ئابورییەكان بێت چ خزمەتگوزارییەكان بێت چ مافە سیاسی و كلتورییەكان بێت پێكەوە بەرگری لێبكەین."د.هۆشیار عومەر كاندیدی هاوپەیمانی كوردستانی وایوت."

دەربارەی ئەوەی دەوترێت خەڵك گلەیی هەیە و ئەگەری بەشداری لەهەڵبژاردندا كەمە لە وەڵامدا د.هۆشیار عومەر دەڵێت" ئەو ڕەخنە و گلەیی و گازندە و زویربوونەی لای خەڵك هەیە 100% ڕاستە و خەڵك لەسەر حەقە ئێمە لەچاوی خەڵكەوە دەبێت تەماشای سیاسەت و حكومڕانی بكەین نەك لەچاوی حیزبەوە، ئەمە ڕوانین و فەلسەفەیەكی سیاسیە كە نەوشیروان موستەفا بۆخۆی بەوردی جێبەجێی كردووە سەرەڕای ئەوەی بە بەردەوامی لە بڕیاردا بووە بەڵام هەمیشە لەچاوی خەڵكەوە سەیری سیاسەتی كردووە لەبەرئەوە كە دەستمانكردووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێستا بەشێوەیەكی چڕ یەكەم قسەی من هەمیشە ئەوەیە پێویستە گوێ لە ڕەخنەكان بگرین كە قسەیەكی حەق دەكرێت دەبێت بڵێین حەقە ناكرێت چاو بپۆشین لەو كەموكوڕیانەی كە هەیە، ئەوەی كە بێینە سەر وردەكاری من بۆخۆم لە دەربەندیخان لە كەلار لە ناحیەی ڕزگاری لە كفری و چەمچەماڵ لەم چەند ڕۆژەدا بەچڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەین و كۆڕ و كۆبوونەوە دەكەین و سەردانی خەڵك و شوێنەكان دەكەین من بەڕاستی بۆخۆم چاوەڕێی ئەو پێشوازیەم نەدەكرد چونكە لە چوارچێوەی ئەو كەموكوڕیانەی هەیە لە كوردستاندا چاوەڕێ بوین جۆرێكلە ساردی هەبێت بەڵام من بۆخۆم توشی سەرسوڕمان بووم بەڕادەیەك كە پشتیوانی هەیە لەهەموو چین و توێژەكانەوە تەنانەت لەدەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ من وەكو كاندیدێك ئەمە جێگەی دڵخۆشیە."

د.هۆشیار عومەر زیاتر وتی:" ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی و هاوڵاتیانی كوردستان كە دەنگدەدەن ئەمەیە كە دەنگدان مافێكە قابیلی زەوتكردن نییە ئەمە مافێكی خوایی و مافێكی یاساییە من پێموایە هاوڵاتیانی كوردستان نابێت ئەو مافەی خۆیان بەهەدەر بدەن و بەكاری بهێنن هەمیشە ڕێگە هەیە لەنێوان چەند بژاردەیەكدا بژاردەیەك هەڵبژێردرێت كە من دەمەوێت ئەو كاندیدە بم بەڵام ئەگەر منیش ئەو كاندیدە نەبم پێمخۆشە خەڵكی كوردستان بەڕێژەیەكی زۆر بەشداری بكەن چونكە هەڵبژاردن بەدیلی نییە نە لە كوردستان و نە لە عێراق و نە لەهیچ وڵاتێكی دیكە تەنانەت ئەگەر چەند ساڵێكیش بایكۆت هەبێت چەند ساڵێكیش شەڕ هەبێت دواجار ئەو ئامڕازەی دەبێت بۆی بگەڕێینەوە هەڵبژاردنە، ئێستا كە دۆخێكی وا دروستبووە سەقامگیری هەیە و ئارامی هەیە جۆرێك لە ئاشتی كۆمەڵایەتی هەیە كەسیش هیچ میللەت و هیچ وڵاتێك لە ئاشتیدا هەرگیز زیانی نەكردووە، من پێموایە هاوڵاتیانی كوردستان گرنگە بەشداری بكەن، من گەشبیینم ڕێژەی بەشداری زۆر زیاتر لەوە دەبێت كە هەندێك كەس پێشبینی دەكەن."

د.هۆشیار عومەر وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا گۆڕان چی لە عێراق و هەرێم كردووە و ئێستاش دەیەوێت چی بكات؟ لە وەڵامدا د.هۆشیار عومەر وتی" پرسیارێكی گرنگ و بەجێیە چونكە هەموو پارتێكی سیاسی كاتی هەڵبژاردنیش نەبێت پێویستە بە بەردەوامی ئەو دەستكەوتانەی كە هەیە بیخاتەڕوو بۆ خەڵك نەك تەنها بۆ خەڵكی گۆڕان بۆ گۆڕان بەگشتی، من لەسەر چەند خاڵێك دەوەستم یەكەم ئێمە بە بەردەوامی شەڕی سیستەمی سیاسیمان كردووە و ئامانجمان ئەوە بووە دەبێت سیستەم پەرلەمانی بێت، گەورەترین ململانێی نێوان ئێمە و پارتی دیموكراتی كوردستان كە پەرلەمانی لەسەر داخرا و ئەوە ئابڕوچونێكی یەكجار مەزن بوو بۆ ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كرد لەئاستی نێودەوڵەتیدا لەسەر سیستەمی سیاسی بووە، ئێمە ئەمجارە كە چوینەتە حكومەت سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە كە ئەمە ئامانجی ئێمە بووە هەموو ئامانجی ئێمە نەبووە ئێمە ویستومانە دەسەڵاتەكانیشی كەمبكرێتەوە كە لە پراكتیكدا ئێستا وایە بەڵام لەڕووی یاساییەوە 50% ی ئەو ئامانجەمان بەدیهێناوە."

هەروەها وتی" دووەم ئێمە ئامانجمان بووە دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەبێت و یەكسانی هەبێت لەشێوازی مامەڵە لەگەڵ خەڵك و تەنانەت ڕادەی ئەو مووچەیەی كە هەیە، ئەو یاسایەی دەرچووە هەرچەندە ئەمە دڵخوازی ئێمە نەبووە بەڵكو ئەو ئامانجەی هەمانبووە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی خانەنشینی پلە باڵاكان بوون لەدەرەوەی یاسا و تەمەنی گونجاوەوە بەڵام بەڕێژەیەكی زۆر كەمكراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆری خەڵك دوو مووچەی هەیە، سێ مووچەی هەیە ئەمە دانپێدانانی تیمی حكومەت و پارتی خۆیانە هی لایەنەكانی دیكەیە بە دەیان هەزار كەس لە دوومووچە و سێ و شەش مووچەی هەیە پێداچوونەوەی تێداكراوە و ڕاگیراوە، نزیكەی 600 كەس ئەو ماوەیەی پلەی باڵایان هەبووە و لەو پۆستەدا نەبوون مووچەكانیان ڕاگیراوە و دەبێت پێداچوونەوەی تێدا بكرێت، لە هەموو ئەو وەزارەتانەی بزوتنەوەی گۆڕان تیایەتی لە كوردستان ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێ بوون تەواوی ڕێگەكانی كوردستان ئەگەر كەموكورتی و خاویشی تێدا بێت كەوتۆتەوە كار نەك تەنها بۆ ڕێگا سەرەكیەكان بەڵكو بۆ زۆر لە گوندەكان بەتایبەتی لە سلێمانی و لە گەرمیان لە هەڵەبجە، لە ڕانیە و ڕاپەڕین كە پشتگوێ خراوە زیاتر لە دەساڵە لەو ڕووەوە، وە زیانی گەورەی بەڕۆحی هاوڵاتیانی كوردستان گەیاندووە بەهۆی زۆری ڕووداوەكانەوە، وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی هەنگاوی گەورەی ناوە لەوەی لیستی مووچە پاكبكاتەوە، لەوانەی خەڵكی مافدارن لەهەمانكاتدا من ئەوە بیری خەڵك دەهێنمەوە كە لەساڵی 2013 ش ژمارەیەك كەمئەندام كە مووچەیان بڕابوو چوونە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران هەموویان خستنە گەڵابە و لە دێگەڵە فڕیاندان، وەزیری بزوتنەوەی گۆڕان كە چۆتە حكومەت و كاری كردووە و مووچەی 12 هەزار كەمئەندام گەڕاوەتەوە كە مافی خۆیانبووە و پێشتر بەناڕەوا بڕواوە و بەهاوكاری لەگەڵ لایەنەكانی دیكە چونكە ئێمە هەموو دەستكەوتێك ناكەین بەدەستكەوتی خۆمان بەڵام لەهەمانكاتیشدا ئامانجی یەكجار گەورەمان لەپێشە لە كوردستاندا هێشتا ڕێژەی بێكاری زۆرە بەتایبەت لەناو گەنجاندا هێشتا گەندەڵیەكی بێشومار هەیە."

د.هۆشیار عومەر دەشڵێت" ئەوەی ئێمە جاران دەمانووت لایەنەكان خۆیان ئیعتراف دەكەن كە گەندەڵی هەیە و قاچاخچێتی هەیە، سەرانە وەرگرتن هەیە حكومەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت خۆی دانیان بەوەدانا ئەو حكومەتانەی پێشوو فاشیل بوون قەرزێكی زۆریان لەسەرە، لەسەر ئاستی بەغدادیش ئێمە لەبەرئەوەی فراكسیۆنەكەمان وەكو ژمارە و وەكو هێز ئەو هێزەی نەبووە بتوانێت كاریگەری هەبێت لەسەر بڕیار بەرگریمان كردووە هەتا ئەو شوێنەی توانامان هەبووە لەتوانای مرۆڤدا لەمافەكانی خەڵكی كوردستان لەو چوارچێوەیەشدا دەمانەوێت ئەمجارە بەهێز و بە ڕوئیایەكی نوێوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان كاربكەین لەبەرئەوە من پێموایە كاركراوە بەڵام هەرگیز ئەوە لەتموحی ئێمە و خەڵكی كوردستاندا نییە دەكرێت كاری زۆر زیاتر بكرێت."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەندێك ڕەخنە لە هاوپەیمانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی دەگرن كە لە پێشتردا ڕكابەری یەكتربوون بەڵام ئێستا بەهاوبەشی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن، وەڵامی د.هۆشیار لەسەر ئەم ڕەخنانە بەمجۆرە بوو" من پێموایە خاڵێكی وەرچەرخانی گەورە لەمێژووی نەتەوەی ئێمە و میللەتی ئێمەدا لە 60 ساڵی ڕابردوو دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە شەستەكانەوە ئەم میللەتە دەیناڵاند بەدەستی شەڕی ناوخۆوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئەو مۆدێلی ململانێی لە توندوتیژی گۆڕی بۆ ململانێی مەدەنی واتە گۆڕان كە دروست بووە هێزێكی مەدەنی بووە كە ململانێی و ئامڕازەكانی بەردەستی مەدەنین یەكێك لەوانە گفتوگۆیە، یەكێك لەوانە هاوپەیمانیە، ئێمە بەبێ جیاوازی لە قۆناغی ئۆپۆزیسیۆندا لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری كارمان كردووە پرۆژەی هاوبەشمان هەبووە لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنمان كردووە لەسەر ئەوەی كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش لەگەڵ یەكێتیشدا بەهەمان شێوە، سەرەكیترین خاڵ لای ئێمە ئەوە بووە ئەو ڕێككەوتنانە شەفاف بن و بۆ خەڵك ئاشكرابن، ئێمە دەبینین زۆرجار ئەو بابەتە باسدەكرێت كە ئێوە لەگەڵ یەكێتی ئەو هەموو ململانێی و شەڕەتان هەبووە چۆن ڕێكەوتوون؟ كاتی خۆیشی ئەو ڕوانینە هەبووە و بەشێك لەو خەڵكانە زۆرجار لە هەموو شتێك ناڕازین ئەوە بوو كە یەكێتی و گۆڕان شەڕ دەكەن لەبەرامبەردا پارتیان بەهێز كردووە و تەرازووی هێزیان تێكداوە پێویستە هەوڵبدەن ڕێكبكەونەوە ئێمە لەچوارچێوەی ئەو ستراتیژیەدا كە گفتوگۆ و دانوستان و هاوپەیمانێتی بەشێكە لەشێوازی كاركردنی ئێمە."

د.هۆشیار ئەوەشی وت"ئەوە ئامانجی ئێمە بووە ئامانجی ڕێككەوتنامەكانی پێشوومان بووە كە خودی ڕەوانشاد نەوشیروان موستەفا ئەمینبە ئامادەبوونی مام جەلال ئیمزای كردووە، ئەو تەرازووی هێز ڕاستكردنەوەیەش تەنها بۆ كوردستان نییە بەڵكو بۆ بەغدادیشە، لەهەمانكاتدا هیچ میللەتێك لە ئاشتی زیانی نەكردووە پێموایە ئەگەر ئێمە یان یەكێتی زیان بكەین بەڕێژەیەكی دیاریكراو باشترە لەوەی میللەتەكە زیان بكات، ئیستا ئێمە دەبینین ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە زۆر بەهێمنی و لەسەرخۆیی بەڕێوە دەچێت، ئەو گرژیانەی جارانی پێشوو تێدا نییە ئەمە لە خزمەتی ئێمەیە ئاشتی كۆمەڵایەتی لەخزمەتی سەقامگیری و پێشكەوتنە تەنانەت لە خزمەتی بوژاندنەوە بەڵام ئێمە وەكو یەكێتی و گۆڕان دوو هێزی سیاسی جیاوازین ڕوئیا و فەلسەفەی سیاسیمان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، زۆرجار ئەو هاوپەیمانیەی ئێمە باسدەكرێت لەكاتێكدا ئەوە لەعێراقدا شتێكی باوە و هاوپەیمانێتی یەكێكە لە بژاردەكان، پەیوەست بە ژمارەی كورسیەكان ئێمە ئامانجمانە هاوپەیمانی كوردستان گەورەترین فراكسیۆن بێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتوودا لە عێراقدا كە نوێنەرایەتی كورد دەكات."

د.هۆشیار سەبارەت بە پێشبینی ڕێژەی كورسییەكان كە بەدەستی دەهێنن دەڵێت" بەو ڕێژەی كورسیانەی ئێستا هەمانە 24 كورسیە ئێمە و یەكێتی دەمانەوێت لانی كەم 24 و 25 بگرە زیاتریش بێت ئێمە وەكو گۆڕان 7 كاندیدمان هەیە لە سلێمانی و هەولێر و كەركوك، ئامانجیشمان ئەوەیە زۆر بەدیقەتەوە كاندیدەكانمان داناوە لەهەر بازنەیەك3 كاندیدمان داناوە تەواوی توانا و وزە و ئامانجی ئێمە بۆ ئەوە تەرخانكراوە كە هەر حەوتیان بتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن."

                            *****************************
هاتوچۆی هەرێم ئاماری رووداوەكانی هاتوچۆی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوكردەوە:
* لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە لە هەرێم.
* لەو ماوەیەدا ٣١٦ كەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٩١ كەسیش برینداربوون.
* كەمترین رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای هەڵەبجە بووە كە ٥١ رووداو بووە.
* زۆرترین رووداو لە پارێزگای سلێمانی بووە، كە بە سەرجەم پارێزگاكە و قەزا و ناحیەكانیەوە ٧٢٢ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن