وەزارەتی بەرگریی عیراق: لەگەڵ پێشمەرگە دەستمان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كردووە

کوردستان

18/09/2021     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین- 

وەزارەتی بەرگریی عیراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی نێوان ھێزەكانی سوپا و ھێزی پێشمەرگە بۆ رێگەگرتن لە جموجۆڵی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەو ناوچانەی كە ھێزە ئەمنییەكانی لێ نییە، دەستیپێكردووە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عیراق بڵاوكراوەتەوە، رۆژی هەیینی ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشی لە نێوان ھێزەكانی سوپا و ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی كە ھێزە ئەمنییەكانی تێدا نییە بەڕێوەچووە.

لە ھاوینی ساڵی 2014 وە، ئەمە یەكەم جارە سوپای عیراق بەفەرمی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیی ھاوبەش لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە كە بۆشایی ئەمنی تێدایە لە باكووری وڵاتەكە، رادەگەیەنێت.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:"ناوەندەكانی ھەماھەنگیی ھاوبەش، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش بۆ رێگەگرتن لە تیرۆریستان و جموجۆڵەكانیان لەو ناوچانەی كە ھێزی ئەمنیی فیدڕاڵی تێدانییە و دەكەوێتە نێوان ھێزە فیدڕاڵییەكان و ھێزەكانی پێشمەرگە، كردووە".

ھەروەھا راگەیەندراوەكە، ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو چالاكییانە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی و كاری ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دێت و تێدا ھاتووە: "كار لەسەر ئەوە دەكرێت ئەم ناوچانە لە رێگەی ھێزی ھاوبەشی سەر بە حكوومەتی فیدڕاڵی پربكرێتەوە".

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە لە نێوان ھێزەكانی سوپای عیراق و ھێزی پێشمەرگەدا ھەیە و لە سنووری سوریا لە پارێزگای نەینەواوە دەست پێدەكات و بە پارێزگاكانی سەڵاحەددین و كەركووك تێپەڕدەبێت تا دەگاتە دیالە لەسەر سنووری ئێران، دیاریترین ئاڵنگارییە لە بەردەم ھەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن