ریال مەدرید بەنیو دەرزەن گۆڵ.. پێشەنگی لالیگای گرتەوە دەست

وەرزش

23/09/2021     ژمارەی بینراو 398

راچڵەكین-

یانەی ریال مەدرید سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر ریال مایۆركای هاوشاری خۆی بەدەستهێناو بەشەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یاریەكەی لێبردەوە.

شەوی رابردوو، لەمیانی بەڕێوەچوونی گەڕی 6ی لالیگادا، یانەی ریال مایۆركا بووە میوانی یانەی شاهانە، بەڵام كوڕانی ئەنچیلۆتی بەور ئاسا هەرزوو جڵەوی یاریەكەیان گرتە دەست و لە خولەكی 3ی دا كەریم بنزیمە یەكەم گۆڵی شاهانەكانی تۆماركرد، دواتر لە خولەكی 24 دا ماركۆ ئاسانسیۆ  یانەكەی كردە خاوەنی گۆڵی دووەم، هەرزوو یانەی میوان جیاوازیەكەیان كەمكردەوەو لەخولەكی 25 دا، لی كانگ ئی تاكە گۆڵی مایۆركای تۆماركرد، بەڵام جارێكی تر ئاسانسیۆ  لەخولەكی 29ی یاریەكەدا گۆڵی دووەمی خۆیی و سێیەمی یانەكەی تۆماركردو گێمی یەكەمی یاریەكە بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك كۆتایی هات.

لەگێمی دووەمدا كوڕانی ئەنچیلۆتی بەردەوام بوون لەهێرشەكانیان تا لەخولەكی 55ی یاریەكەدا ئاسانسیۆ گۆڵی چوارەمی ریال و سێیەمی خۆی لەیاریەكەدا تۆماركرد.

لەخولەكی 78 ی گێمی دووەمدا حاجی كەرێم بۆ جاری دووەم سەردانی گۆڵی مایۆركای كردەوەو یانەكەی كردە خاوەنی گۆڵی پێنجەم، كەرنەڤاڵی گۆڵەكانی یانەی شاهانە لەخولەكی 84 دا لەلایەن ئیسكۆوە كۆتایی هات و یاریەكە بەئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك تەواو بوو.

بەو ئەنجامەش یانەی ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ جارێكی تری پێشەنگی لالیگای گرتەوە دەست.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن