هۆكار و چۆنیه‌تی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ری زرنگانه‌وه‌ی‌ گوێ

تەندروستی

23/09/2021     ژمارەی بینراو 1149

هۆكار و چۆنیه‌تی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ری زرنگانه‌وه‌ی‌ گوێ

ڕاچڵه‌كین-

گوێ زرنگانەوە بریتییە لە هەستکردن بە زرنگانەوە یان ژاوەژاو لە یەکێک یان لە هەردوو گوێ بەبێ بوونی هیچ دەنگێکی دەرەکی، کەسانی دیکەش هەستی پێناکەن، دكتۆر هێمنپزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی قورگ و لوت و گوێ له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر له‌باره‌ی‌ ئه‌م گرفته‌ ته‌ندروستیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

گوێ زرنگانەوە کێشەیەکی باوە و توشی ٪۱٥-۲۰ی خەڵک دەبێت بەتایبەت لە بەساڵاچواندا، و گوێ زرنگانەوە ڕەنگە بەردەوام  هەستی پێبکرێت، یاخود ماوەیەک هەستی پێبکرێت و پاشان نەمێنێت.

 چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
هەندێک کەس بێزارنابن بە گوێ زرنگانەوە، بەڵام ئەو کەسانەی ژیانیان تێکچووە بەهۆی گوێ زرنگانەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەن.

سەردانی پزیشک بکە هەرکاتێک:
1-توشی گوێ زرنگانەوە بوویت دوای هەوکردنی بەشی سەرەوەی سییەکان و تا هەفتەیەک باش نەبوویت.
2- هەرکات ئاستی بیستنت دابەزی یاخود لەگەڵی توشی سەرگێژبوون بوویت.
3-  هەرکات گوێ زرنگانەوە توشی قەڵەقی و خەمۆکی کردیت.

 هۆکارەکانی توشبوون بە گوێ زرنگانەوە چین؟
هەندێک حاڵەتی تەندروستی ڕەنگە هۆکاربن بۆ دروستبوون و خراپبوونی گوێ زرنگانەوە، لەوانە:
1- کەبوونەوەی ئاستی بیستن، بەهۆی شکاندن و لەناوچوونی خانە مووەکانی گوێی ناوەوە، کە بەهۆی بەساڵاچوون و بەردەوام بەرکەوتن لەگەڵ دەنگی بەرز ڕوودەدات، بەمەش ڕاگەیاندنی نادروست بۆ مێشک دەنێرن و گوێ زرنگانەوە دروست دەکات.

2-هەوکردنی گوێ یاخود گیرانی ڕێڕەوی گوێ و پەستان  زرنگانەوە لە گوێدا دروست دەکات، لەگەڵ چەند کێشەیەکی دیکەی ماسولکە و ئێسکی گوێ دەبنە هۆکارن.

3-برینداربوونی سەر و مل کە زیان بە دەمارەکانی بیستن و مێشک دەگەیەنن.

4-بەکارهێنانی چەند دەرمانێک وەکو NSAID، دژە زیندەییەکان، دەرمانی شێرپەنجە و میزپێکەرەکان، دەرمانی مەلاریا و خەمۆکی.

5-چەندین حاڵەتی دیکە وەکو گرێی مێشک و مل، کێشەی دەماری 

6-کێشەکانی ملولەی خوێن، وەکو ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، بەرزی پەستانی خوێن و کێشەی ملولەی خوێن و قەڵەوی

7-هەندێک نەخۆشی درێژخایەن وەکو نەخۆشییەکانی شەکرە، غوددە، شەقیقە، کەم خوێنی، ڕۆماتیزم.

ئەو شتانەی ئەگەری توشبوون بە گوێ زرنگانەوە زیاددەکات:
1-بەرکەوتن لەگەڵ دەنگی بەرز بۆ ماوەیەکی زۆر وەکو دەنگی ئامێر، یارییەکان و هێدفۆن
2-تەمەن، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن کاری ڕیشاڵە دەمارییەکان کەمدەبێتەوە و کێشەی بیستن زیاتر دەبێت
3-لە پیاواندا زیاتر گوێ زرنگانەوە ڕوودەدات
4-بەکارهێنانی تۆباکۆو کحول و جگەرە کێشان

کاریگەرییە لاوەکییەکانی توشبوون بە گوێ زرنگانەوە بریتین لە:
ماندویەتی، سترێس، کێشە لە نوستن و بیرکردنەوە و میمۆری، خەمۆکی و قەلەقی، سەرئیشە، کێشە لە کارکردن و ژیان.

ڕێگاکانی خۆپاراستن لە توشبوون بە گوێ زرنگانەوە بریتین لە:
1- پارێزەری گوێ بەکاربهێنە لەکاتی بوونی دەنگی بەرزدا و خۆت بپارێزە لە بەرکەوتن بە دەنگی بەرز بۆ ماوەیەکی زۆر، گوێگرتن لە موزیک و دەنگی بەرز بە هێدفۆن بۆ بە بەردەوامی کاردەکاتە سەر ئاستی بیستن

2-گرنگی بە تەندروستی سستمی دڵ و لولەکانی خوێن بدە، ئەویش بە وەرزشکردنی بەردەوام، خواردنی تەندروست و کێشی تەندروست

3- خواردنەوە کافاینەکان و کحولییەکان و نیکۆتین سنوردار بکە

چارەسەرکردنی گوێ زرنگانەوە:
بەگشتی چارەسەرەکان بەندە بەو هۆکارەی گوێ زرنگانەوەکەی دروست کردووە، پزیشک دوای پشکنینی تەواوەتی چارەسەر دادەنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن