نیشانهكانی توشبوون به ڕۆماتیزمهی چاو
ڕاچڵهكین-
سەدان جۆری ڕۆماتیزم هەیە و ڕەنگە هیچ ئەندامێکی جەستە نەبێت کە یەکێک لە جۆرەکانی ڕۆماتیزمە کاری لێنەکات، چونکە ڕۆماتیزم کار لە کۆلاجین دەکات و لە پێکهاتەی بەشێکی زۆری جەستەشدا کۆلاجین هەیە، دكتۆر سهروهر پسپۆڕی جومگە وڕوماتیزم و فەقەرات ئاماژه بۆ ئهوه دهكات ئەم دەرکەوتانەی چاو، لەوانەیە بەهۆی ڕۆماتیزم بن:
1- وشکیی چاو: وشکیی چاو هەندێکجار بەهۆی هێرشی کۆئەندامی بەرگری دەبێت بە هەڵە بۆ سەر فرمێسکە ڕژێنەکان و تێکشاندن و لاوازکردنیان، یاخود بە ڕیوشوێنی جیاجیای دیکە فرمێسک دەردان کەمبکرێتەوە (لە نەخۆشییەکانی شۆگرن، رەقبوونی پێست و هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە)
2- سۆ و هەوکردنی سپێنەی چاو: سووربوونەوەی چاو، کە هەندێکجار بە ئازارە و زۆرکات بە قەترە ئاساییەکانی دژە سووربوونەوە چاکنابێت، دەکرێ هەستیار بیت بە ڕوناکی و توانای بینین کەمببێتەوە (لە هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە، هەوکرنی کڕکڕاگە و نەخۆشیی ڤێگنەر)
3-هەوکردنی بیلبیلە (رەنگینە): نیشانەکانی بریتین لە ئازاری چاو، سووربوونەوەی چاو و هەستیاریی بە ڕووناکی. هەوکردنەکە لە ڕەنگینەی چاودایە و دەکەوێتە نێوان بەشی پشتەوە (تۆڕەی چاو) و سپینەی چاو (لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی و نەخۆشیی بەهجەت)
4- گیرانی موولوولەکانی تۆڕی چاو: نیشانەکان بریتین لە تاریکبوونی چاو (هەستدەکەیت پەردەیەک بەسەر چاوتدا دادراوەتەوە)، تاریکبوونەکە زۆرکات کتوپڕە و ماوە ماوە دێت و دەڕوات، واتە چاکدەبێتەوە و ڕوودەداتەوە، هەندێکجاریش دەبێتە گرفتێکی هەمیشەیی! (لە لووپەس (گورگەسوورە)، ڕەقبوونی پێست، نەخۆشیی بەهجەت، نەخۆشیی سارکۆید و هەندێک جۆری هەوکردنی لوولەکانی خوێن کە هەموویان بە ڕۆماتیزم دادەنرێن)
5- ئاوی ڕەشی چاو: نیشانەکان بریتین لە: ئازاری چاو، تەڵخبوونی بینایی، بینینی خەرمانە بە دەوری ڕووناکیدا. بەزۆریی بەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری ناو گۆی چاوە کە دەماری بینین دەپەستێوێت و ئەگەر چارە نەکرێت دەمارەکە لەکاردەخات و دەبێتەهۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینایی! (لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز،ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزمیی)
6- ئاوی سپیی چاو: : نیشانەکان بریتین لە: تەڵخبوونی بینین، تێکچوونی بینایی لە شەواندا، هەستکردن بە کالبونەوەی ڕەنگەکان! (لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزمی)