خاوەنی فەیسبوك حەوت ملیار دۆلار زیانی پێدەگات

هەمەڕەنگ

04/10/2021     ژمارەی بینراو 356

راچڵەكین –

بەهۆی لەكاركەوتنی فەیسبوك و دابەزینی بەهای پشكەكانی بە نزیكەی 6%، مارك زوكەربێرگ خاوەنی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا لانی كەم حەوت ملیار دۆلار زیانی پێگەیشت.

بەگوێرەی نوێترین ریزبەندی پێگەیەكی بلومبێرگ بۆ دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی جیهان، مارك زوكەربێرگ كە پێشتر بە كۆكردنەوەی 97 ملیار دۆلار، لەپلەی پێنجەمدا بوو، دوای چەند كاتژمێرێك لە لەكاركەوتنی فەیسبوك، سامانەكەی بەشێوەیەكی بەرەچاو كەمبوویەوەو ئێستا خاوەنی تەنها 90 ملیار دۆلارەو بەمەش لەریزبەندی هەشتەمینی دەوڵەمەندەكانی جیهان دێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ 4-10-2021، بەشێوەیەكی لەناكاو، هەرسێ تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لەكاركەوتن، ئیدارەی كۆمپانیای فەیسبوك وێڕای داوای لێبوردن لە بەكارهێنەرانی هەرسێ تۆڕەكە، رایگەیاند كە هەوڵدەدەن لە زووترین كاتدا خزمەتگوزارییەكانیان دەستەبەر بكەنەوەو گرفتەكەش چارەسەر بكەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی جیهان بڵاوكراونەتەوە، لەكاركەوتنی ئەو سێ تۆڕە كۆمەڵایەتییە ناسراوەی جیهان، بەسوود بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تر گەڕایەوەو بە ملیۆنان كەس روویان لەهەردوو تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرو تێلیگرام كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن