پیتمۆس چییە و بۆچی بەکاردێت ؟

کشتوکاڵ

09/03/2020     ژمارەی بینراو 3137

پیتمۆس

ڕاچڵه‌كین-

پیتمۆس بریتییە لە یەکێک لە ناوەندە ئەندامییەکان کە بۆ چاندن بەکاردێت، کە دابین دەکرێت بۆ ڕووەکەکان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بەباشی گەشەی تیادا بکەن، وە یەکێکە لەو ناوەندانەی کە زۆر بەربڵاوە و لەزۆربەی نەمامگاکان دەست دەکەوێت و بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێندرێت لە بواری کشتوکاڵ دا.

- پێک دێت لە ماددەی ئەندامی سرووشتی شیبووەوە ، کە لە بنچینەدا لە جۆرێک قەوزەیی دەریاییەوە درووست کراوە،بەڵام لە ئێستادا لە پێکهاتەی تری ئەندامیەوە درووست دەکرێت کە توانای لەخۆگرتنی شێی هەیە بە پلەیەکی زۆر، وە پیتمۆسی باش بەوە جیا دەکرێتەوە کە توانای زۆری شێ لەخۆگرتنی هەبێت.

- پیتمۆس دەتواندرێت بەتەنها بەکاربهێندرێت ، یاخود لەگەڵ ناوەندی تری کشتوکاڵیدا بەکاربهێندرێت نموونەی ( پێرلایت یان لم یان قوم یان گڵ ) ، ئەمەش بە پێی پێویستی و ئەنجام لە بەکارهێنانی دەبێت .

- پیتمۆس بەوەجیا دەکرێتەوە کە توانایەکی بەرزی لەخۆگرتنی ئاو و شێی هەیە بە قەبارەی (هەشت ئەوەندەی کێشی خۆی) ، هەروەها چەندین تایبەتمەندێتی تری تیایە کە بەسوودن بۆ گەشەی ڕووەک.

-هەروەها پلەی ترشێتی ph ی پیتمۆس لەنێوان (3.4 بۆ 4.8)دایە ، بەمەش گەشەیەکی باش و گونجاو بۆ ڕووەکەکان دابین دەکات.

- وە ڕەنگی پیتمۆس ، ڕەنگێکی قاوەییەکی تۆخە، و لە شیبونەوەی جۆرێک لە قەوزە کە پێیان دەوترێت (Mosses) کە پێکدێت لە 12000 هەزار جۆری جیاواز.

- ئەم جۆرە قەوزانەش کە پیتمۆسی لێ درووست دەکرێت لە ناوچە زۆنگ و شێدار و تەڕەکان دا بڵاو بوونەتەوە ، کە بەوە جیادەکرێنەوە کە توانایەکی لە ڕادەبەری مژینی ئاو و خەزنکردنیان هەیە، ئەگەر مردووبن یان زیندوو.

- وە لە ڕێژەیەکی زۆر بەرزی ماددەی ئەندامی پێکدێت ، کە نزیکەی %94 بۆ %99 دەبێت. هەروەها ڕێگە دەدات بە هەواگۆڕکێ و هەناسەدانی ڕەگی ڕووەکەکان لەگەڵ ئەوەش دا یارمەتی ڕەگی ڕووەکەکان دەدات کە توخمە خۆراکییەکان بە باشی بمژێت .
پیمۆس بەکاردێت بۆ درەختە جوانییەکان ، ڕووەکەکانی ناوماڵ و ژوورەوە ، وە درەختی میوەکان و ڕووەکەکانی تر.

- بەوە جیا دەکرێتەوە کە کێشی سووکە و ئەمەش وا دەکات کە بە ئاسانی ئەو ئینجانانە هەڵبگیرێن و بگوازرێنەوە کە پیتمۆسیان تێدایە.
بەڵام پیتمۆس خوێیە بەسوودەکانی تێدا نییە کە پێوییتن بۆ گەشەی ڕووەک ، هەربۆیە پێویستە کە هەندێک پەین و خۆراکی ڕووەکی بۆ زیادبکرێت لەوانە NPK .
وە پیتمۆس بە هاوڕێی ژینگە دادەندرێت و هێچ جۆرە کاریگەرییەکی نییە لەسەر پیسبوونی ژینگە لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە گیا و کەڕوو و هۆکارێکی نەخۆشی زیانبەخشی تێدا نییە ، یاخود ماددەی کیمایی ، یاخود تۆوی ڕووەکی تر. هەروەها ڕێگرە لە کەڕووکردنی ڕەگی ڕووەکەکان هەربۆیە بە باشترین ناوەندەکانی چاندن و کشتوکاڵ دادەندرێت.

ئا: دەوەن سەردار- ئەندازیاری کشتوکاڵ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن