ئامارەکانی کۆرۆنا لە راپەڕین بەرزدەبنەوە

کوردستان

13/10/2021     ژمارەی بینراو 301

راچڵەکین-

لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئاماری تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە و لە ماوەی هەفتەیەكدا 17 كەس بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕینیش دەڵێت:" هۆکارەکەی بۆ پابەندن نەبوونی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە".

دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین بە (راچڵەکین)-ی ڕاگەیاند، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە و ئێستا 80 نەخۆشمان هەیە لەسەنتەری كۆرۆنای ڕانیە و قەڵادزێ‌ كە زۆربەیان لەژێر چاودێریدان و تەندروستییان خراپە، تووشبووەكانی دیكەش پێویستیان بە ئۆكسجینەو سەنتەرەكانی كۆرۆنا لە راپەڕین پڕبوون لە نەخۆشی كۆرۆنا.

وتیشی: دەرمانی پێویستمان دابین كردووە و پلانی گشتیش خۆپارێزییە، بەڵام هاووڵاتییان پابەند نابن بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

دەشڵێت، ئێستا پەتای هەڵامەت لەنێو هاووڵاتییاندا بڵاوە و خەڵكێكی زۆر تووش بووە بە تایبەت منداڵان هەروەها ڕێژەی ڤاكسینی پێویست لەبەردەستە و تا ئێستا نزیكەی 60 هەزار كەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.

دەربارەی داخستنی دەرگای خوێندنگاکان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ بڕیارێكی لەو جۆرە نەدراوە و قسەمان لێ نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزارەت و ئیدارەی ڕاپەڕین هەر حاڵەتێكی لەناكاو هەبێت بڕیاری پێویست دەدەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن