كەمال ئەتروشی: سەردانی بەغدا دەكەم

ئابوری

14/10/2021     ژمارەی بینراو 632

راچڵەكین-

وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و بەنزین سەردانی بەغدا دەكات. 
 
كەمال ئەترووشی، لەبارەی كەمبوونەوەی بەنزین رایگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە، قەیران نییە، بەڵام راستە بەنزین كەمبووەتەوە و دوو هۆكاریشی هەن، یەكەم: نەناردنی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە و دووەمیش: پابەندنەبوون بە ناردنی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە لەلایەن بەغداوە.
 
كەمال ئەترووشی وتی: "بەنزینی ئێرانی، دوو گرفتی سەرەكی هەیە، یەكەمیان خراپی كوالێتییەكەی و دووەمیشیان هەركاتێك ئێران بیەوێ، ناینێرێت". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین و دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیاندا، رۆژی شەممە 16-10-2021 سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق كۆدەبێتەوەو وتیشی "دەمانەوێ پلانێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابنێین".
 
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی لە نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی رایگەیاند:"لە 70%ی بەنزینی كوردستان لە ئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی ناردنی بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل لە ئێرانەوە بۆ كوردستان رادەگیرێت. ئەوەی كە دێت كۆمەڵێك ماددەی پترۆكیمیاوی مەترسیدارە كە لەكۆمەڵێك ماددەی بێكەڵك تێكەڵ دەكرێن و كوالیتی ئۆتۆمبێل تێكدەدات، ئەگەر ئێستا نرخەكەی بە 800 دینار بێت ئەو ماددە مەترسیدارە سەرەتانییە خراپە دەبێتە هەزار بۆ هەزار و 100 دینار."
 
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا عەلی حەمەساڵح ئاماژە بەوە دەدات كە: "ئەگەر تاوەكو دوو هەفتەی ئایندە گوێمان لێنەگیرێت و بە قسەمان نەكرێت، نرخی بەنزین دەبێتە هەزار و 300 دینار. ئەمەش ئەگەر لە دوبەیەوە بێت. ئەمە بۆ گازوایل و غازیش راستە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن