راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژی گەنجە تەمەن 18 ساڵەکەی چەمچەماڵی ڕاگەیاند و بکوژەکە دەڵێت، پێشتر کێشەی لەگەڵ کوژراوەکەدا هەبووە بۆیە کوشتویەتی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، شەوی ۲۰ لەسەر ۲۱ /١٠ /٢٠٢١ تۆمەتبارێک بەناوی(ب ، ج ، ع ) کەسێک بەچەکی دەمانچە لەنزیک پێشەنگای ئۆتۆمبێل لەچەمچەماڵ بەناوی (ھ ، ع ، ٲ) دەکوژێت و هەڵدێت.
ئاسایش دەشڵێت:"دوای ئاگادارکردنەوەمان لە لایەن پۆلیسی چەمچەماڵەوە بەفەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە ، تۆمەتباری هەڵهاتوو خۆی ڕادەستی (بنکەی ئاسایشی سەنگاو ) ی سەربەبەڕێوەبەرایەتیمان کرد ، ئەو چەکەشی تاوانەکەی پێ ئەنجام دراوە دەستی بەسەردا گیرا، تۆمەتبارەکەش بەماددەی (٤٠٥) لەیاسایی سزادان ڕاگیراو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە دەستیپێکرد".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبار دانی بەتاوەنەکەیدا ناو وتی پێشتر کێشەیان هەبووە لەگەڵ کوژراوەکەدا، هەروەها کەسێکی دیکەش دەستگیرکراوە کە مۆبایلی کوژراوەکەی پێبووە
تۆمەتبارەکە دانیشتوی ناحیەی شۆڕشی سەربەقەزای چەمچەماڵەو لەبنەڕەتدا خەڵکی گوندی (مشکیبان)ی ناحیەی قادرکەرەمە کوژراوەکەش دانیشتوی ناحیەی شۆڕشی سەربەقەزای چەمچەماڵ بووەو لەبنەڕەتدا خەڵکی گوندی (قایتەوەن) ی ناحیەی قادرکەرەمە.