" لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن"

ڕاپۆرت

11/03/2020     ژمارەی بینراو 1613

راچڵەكین-ئاسۆ شەیدا

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئازاری 2020،  29 ساڵ بە سەر راپەڕینی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت.

29 ساڵ بەر لەئێستا خەڵكی هەولێر راپەڕین و كاربەدەستانی بەعسیان لە هەولێر شار بەدەر كرد، لە هەمان رۆژیشدا چەند كۆمەڵگایەكی دەوروبەری هەولێر وەك كەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە، تۆبزاوە، كەورگۆسك، بەحركە و بەرحوشتر لە كاربەدەستانی بەعس پاككرانەوە.

كۆسرەت رەسوڵ، بەرپرسی ئەوكاتی بەرەی كوردستانی لە هەولێرو سەرۆكی ئێستای ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان،  لەبارەی ووشەی نهێنی راپەرینی هەولێر " لەباوكی رێناسەوە " لەچاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" بیرۆكەی ناوی (باوكی رێناس) و بەكارهێنانی وەك وشەی نهێنی دەستكردن بە  راپەڕینی هەولێر بیرۆكەی خۆمبوو، لە ساڵی 1991 كە ئەوكات ماڵمان  لە مەهاباد بوو، رێناسی كچم تەمەنی كەمتر لە 3 ساڵ بوو، زۆر پەیوەست بوو بەمنەوەو منیش زۆر زۆرم خۆشدەویست، بۆیە حەزم كرد بە دانانی ئەم ناوە خۆشەویستی خۆمی بۆ دەربڕم".

كۆسرەت رەسوڵ

 

كۆسرەت رەسوڵ زانیاری زیاتر دەربارەی ئازادكردنی هەولێر ئاشكرادەكات و دەڵێ‌:" دوای ئەوەی لە شاخ هاتینەخوارێ‌ و تا 8ی مانگ شەقڵاوەشمان ئازادكرد، شەوی 8 لەسەر 9/3/1991 لەگەڵ رێكخراوی هەولێر و شانە چەكدارەكانی برووسك و هەندێك چەكداری دیكەی رژێم، كە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبوو كۆبووینەوە، ئەوكات دەمانتوانی لە 9 یان 10/3 هەولێریش كۆنترۆڵ بكەین، بەڵام لەبەر پیرۆزی 11ی ئازار ویستمان ئازادكردنی شاری هەولێر بكەوێتە ئەو رۆژەو هەر ئاواش بەرنامەمان دانا".

كۆسرەت ڕەسول لەناو ئاپۆرای خەڵكدا

 

سەبارەت بە دەستپێكی راپەڕین لە هەولێر، كۆسرەت رەسوڵ دەڵێ‌:" لەوێشەوە بە شانە چەكدارەكانی برووسك و رێكخراوی هەولێرم گوت كە وشەی نهێنیمان (باوكی رێناس) دەبێ و هەركات لە دەنگی گەلی كوردستانەوە وتەی (لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی برووسك ئێوە دەستبەكاربن)تان گوێ لێبوو، ئێوە لە ناوەوە دەستپێبكەن و ئێمەش لە چەند لایەكەوە هێرش دەكەین بۆ ئازادكردنی شاری هەولێر".

بەرەی كوردستانی كە سەرپەرشتی راپەڕینی خەڵكی كوردستانی دەكرد، لە رۆژی 2ی ئایاری ساڵی 1988 كە لە 7 حیزبی كوردستانیی پێكهاتبوو، دامەزرا، كە لە نێویاندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و دوو هێزی سەرەكی بەرەكە بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن