شەوی رابردوو لەبەغدا چی گوزەرا ؟

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 142

راچڵەكین-

هاوڵاتیانی عیراق بەهەواڵی هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران بەیانی ئەمڕۆیان دەستپێكرد، هێرشێك كە پرسیار گەلێكی زۆری هێنایە گۆڕێ كە ئاخۆ چۆن دەبێت لە پارێزراوترین شوێنی عیراق كە ناوچەی سەوزە، بەو شێوەیە هێرشبكرێتە سەر پایەیەكی دەسەڵاتی عیراق، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری بودجەی عیراق بۆ بواری سەربازی دەڕوات و ئەمریكاش تائەم ساتە پاڵپشتییەكی بەهێزی ئەمنی عیراق دەكات.

سەرەتای هێرشەكە قسەو باس زۆر كرا لەبارەی چارەنووسی مستەفا كازمی، كە دەووترا برینداربووە، بەڵام دواجار كازمی لەڕێی تویتێك و دواتر پەیامێكی ڤیدیۆییەوە، رایگەیاند كە تەندروستی باشەو بەرنەكەوتووە.

كازمی لەپەیامەكەیدا رایگەیاند:" پێشتر و ئێستاش پرۆژەی گیانفیدایی بووم بۆ عیراق و گەلی عێراق، موشەكەكانی ستەمكاری كاریگەری نابێت لەسەر بڕوابوخۆبوونی ئیمانداران، تاڵە موویەكی ھێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان نالەرێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵك و  بەدیھێنانەوەی ماف و دانانەوەی یاسا لەسەر رێچكەی خۆی".

-هێرشەكە چۆن روویدا؟

سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق، بەمیدیای فەرمی عیراقی راگەیاندووە:" هێرشەكە لەڕێی سێ فڕۆكەی درۆنەوە ئەنجامدراوە، دووانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە خراونەتە خوارەوەو سێیەمیان ئامانجەكەی خۆی پێكاوە." 

وتیشی:" لێكۆڵینەوەیەكی ورد دەكرێت بۆ گەیشتن بە هەموو وردەكارییەكانی ئەو كارە تیرۆریستییەو، ئەنجوومەنی دادوەری لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەو رووداوە پێكدەهێنێت".
 

 

-سیستمی دژە درۆنی ناوچەی سەوزو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەكاركەوتوون

بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند خولەكێك پێش هێرشەكە، سیستمی دژە درۆنی ناوچەی سەوزو باڵیۆزخانەی ئەمریكا، لەكاركەوتوون، كە گوماندەكرێت هاككرابن. لەبارەی چالاك نەبوونی سیستەمی دژە مووشەكی (سی رامی) ئەمریكی، تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لێكۆڵینەوە لەو بارەوە دەكات.

زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەن، مستەفا كازمی، چەند خولەكێك پێشتر ئاگادار كراوەتەوە كە هێرش دەكرێتە سەر ماڵەكەی، هەر ئەوەش هۆكار بووە بۆئەوەی رزگاری بێت و زیانی بەرنەكەوێت.

 

د. بەرهەم ساڵح: قبوڵی ناكەین

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق لە تویتێكدا رایگەیاندووە:"ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستییەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراقی كردە ئامانج، دەستدرێژییەكی مەترسیدار و تاوانێكی گەورەیە دژی عێراق و پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو خراپەكارانەی كە سەقامگیریی وڵات و ئاسایشی خەڵك دەكەنە ئامانج یەك هەڵوێست بین".
 
دەشڵێت: "ئێمە ناتوانین ئەوە قبووڵ بكەین كە عێراق پەلكێشی پشێوی و كودەتا دژی دەستوور بكرێت".

-ئێران لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی كازمی دەڵێت چی؟

عەلی شەمخانی، سكرتێری باڵای ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە تویتێكدا بڵاویكردووەتەوە:" هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاژاوەیەكی نوێی خۆرئاواییەكانە، دەبێت لە ژوورە فیكرییەكانی دەرەوەدا بەدواداچوونی بۆ بكرێت، كە لە ساڵانی رابردووەوە، لەڕێی پشتیوانی و دروستكردنی گروپە تیرۆستییەكان و داگیركردنی وڵات، جگە لە ناسەقامگیری ئاسایش و ناكۆكی و ناجێگیری بۆ گەلی عیراق ستەملێكراو، هیچی تریان نەهێناوە."  

-ئەمریكا رای لەبارەی هێرشەكە چییە؟

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "ئێمە چاودێری هەواڵی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكەی سەر ماڵی نیشتەجێبوونی سەرۆكوەزیرانی كازمی دەكەین و هەستمان بە ئارامی كرد كاتێك زانیمان كە ئەو زیانی پێنەگەیشتووە".
 
وتیشی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پەیوەندی نزیك لەگەڵ هێزە ئەمنییە عیراقییەكاندایە، پابەندبوونیان بۆ عیراقییە هاوبەشەكانیان پتەو و جێگیرە و ئەمریكا لەگەڵ حكومەت و گەلی عیراقدایە.

نێچیرڤان بارزانی: هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پێشهاتێكی مەترسیدارە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: "ئەو هەوڵە شكستخواردووە بۆ تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لەبەغدا كرایە ئامانج سەركۆنە دەكەم".

دەشڵێت: "ئەم كردەوە تیرۆریستییە پێشهاتێكی مەترسیدارە كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەكات و هۆشداریی دەدات لە دەرئەنجامە سەختەكان. داوا لە هەموو كەسێك دەكەم كە ئارامی بپارێزن و دان بە خۆیاندا بگرن."

مەسرور بارزانی: هەوڵێكی ترسنۆكانە دراوە بۆ تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی عیراق

 مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لەبارەی هێرشەكەی سەرماڵی مستەفا كازمی  رایگەیاند: هەوڵێكی ترسنۆكانە دراوە بۆ تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ئێمە بە تووندترین شێوە ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە سەركۆنە دەكەین."
 
وتیشی: "بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی خۆمان بۆ كازمی بۆ چەسپاندن و پێشخستنی دیموكراسیەت و سەقامگیری لە وڵاتدا دووپات دەكەینەوە."

یۆنامی: نابێت رێگە بە تیرۆر، بدرێت پرۆسەی دیموكراسی بە لارێدا ببات

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق لەبارەی بەئامانجكردنی ماڵی مستەفا كازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاندووە:"نابێت رێگە بە تیرۆر، توندوتیژی و كاری نایاسایی بدرێت كاریگەریی لەسەر سەقامگیری دروست بكەن و پرۆسەی دیموكراسیش بە لارێدا ببەن".

یۆنامی پاڵپشتی خۆی بۆ داواكەی سەرۆكوەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی دووپات كردووەتەوە كە داوای ھێوركردنەوە و دان بەخۆداگرتنی لە ھەمووان كردووە و نووسیوویەتی: "داوا لە ھەموو لایەنەكان دەكەین كە ھەوڵەكانیان بە ئامانجكردنی ھێوركردنەوەی رەوشەكە بخەنەگەڕ و بە گفتوگۆیش ناكۆكییەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن".

موقتەدا سەدر: هەوڵی لەناوبردنی كازمی كردەیەكی تیرۆرستییە

دوای هێرشەكە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێكدا رایگەیاند: " هەوڵی لەناوبردنی مستەفا كازمی،  سەرۆكی حكومەتی عیراق، كردەیەكی تیرۆرستییەو لایەنێكی باڵای لەوڵاتدا كردووەتە ئامانج."

دەشڵێت: " هەوڵی تیرۆركردنی كازمی، بەئامانجكردنی عیراق و گەلەكەیی و ئاسایش و سەقامگیری دەكاتە ئامانج  گەڕاندنەوەیەتی بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەكان كۆنترۆڵی بكەن و عیراق بخەنە ژێرباری ئاژاوە و تووندوتیژی و تیرۆر."

هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەكەی سەرماڵی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رانەگەیاندووە، بەڵام بەبڕوای چاودێران هێرشەكە چەند پەیامێكی لەخۆگرتووە كە یەكێكیان ئەوەیە ئەگەر بیانەوێت زۆر بەئاسانی دەگەنە باڵاترین دەسەڵات لەعیراق و تیرۆری دەكەن، پەیامێكی دی ئەوەیە كە باری ئەمنی عیراق هیشتا دەڵەمەیەو ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، هەر كاتێكیش بیانەوێت دەتوانن ئەو سەقامگیریە تێك بدەن كە لەئێستادا هەیە.

هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق هاوكات لەگەڵ راگەیەندراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كە تیایدا ئاماژەبەوەكراوە، پرۆسەی ژماردنەوەی دەنەگەكانی ئەو وێستگانەی سكالایان لەسەر بوو بەكۆتا گەیشتووەو وادەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق نزیكە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن