بەریتانیا هاوكاری پۆڵەندا دەكات بۆ بەھێزكردنی سنوورەكانی بەڕووی كۆچبەران

جیهان

12/11/2021     ژمارەی بینراو 172

راچڵەكین –

حكومەتی بەریتانیا پشتیوانی لە پۆڵەندا دەكات بۆ توندكردنی سنوورەكانی بەڕووی كۆچبەران، بۆئەو مەبەستەش هێزێكی سەربازی ئەوانەی ئەو وڵاتە دەكات و لەسەر سنووری بێلارووس جێگیر دەبن.

نوسینگەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، لە هەژماری خۆی لە تویتەر راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا هاتووە، تیمێكی ئەندازەیی سوپای بەریتانیا رەوانەی سنوورەكانی نێوان پۆڵەندا و بێلارووس كراون بۆ هاوكاریكردنی سوپای پۆڵەندا لە كۆنترۆڵكردنی زیاتری سنوورەكانی بەڕووی هاتنی كۆچبەران.

ئاماژە بەوەشكراوە، رەوانەكردنی ئەو هێزە بۆ پۆڵەندا، لەچوارچێوەی هاوكارییە سەربازییەكانی نێوان هەردوو وڵات دێت وەك دوو ئەندامی رێكخراوی ناتۆ.

هاوكات، بەگوێرەی ھەواڵێكی رۆژنامەی The Telegraphی بەریتانی، مارێوسز بلاسزكزاك وەزیری بەرگریی پۆڵەندا، رایگەیاندووە كە ئەندازیارەكانی سوپای بەریتانیا لە سەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ هێزەكانی پۆڵەندا دەستیان بە ئەركی پشكنین كردووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە ماوەی چەند رۆژێكە بە هەزاران كۆچبەر، كە زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، لەسەر سنووری نێوان بێلارووس و پۆڵەندا كۆبوونەتەوە بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن