وەزیری نەوتی عیراق: ساڵی داهاتوو نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە

ئابوری

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 14

راچڵەكین –

وەزیری نەوتی عێراق، ئاشكرای كرد، ئەگەری هەیە ساڵی داهاتوو نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 100 دۆلار بەرز ببێتەوە، بەڵام دواتر لە نرخێكی كەمتردا جێگیر ببێت.

ئیحسان عەبدولجەبار، لە میانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەوانان لە شاری بەغدا، باسی لەوە كرد كە عیراق ئەندامێكی گرنگی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك)ەو پابەندە بەو بڕیارانەی لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوە دەدرێت.

دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، وەزیری نەوتی عیراق وتی:" هەوڵدەدەین جۆرێك لە هاوسەنگیی لە بازاڕی وزەدا دروست بكەین، لە ئێستادا نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا لە سەروو 80 دۆلارەوەیە، ئەمەش بەرهەمی ئەو هاوسەنگییەیە كە لەڕێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنەوە، یان بەكارهێنانی سەرچاوەی دیكە دەكرێت ئەو هاوسەنگییە بەدی بهێندرێت.

راشیگەیاند، ئێمە چاودێری بازاڕ دەكەین و بەو پێیە لە كۆبوونەوەكانی ئۆپیكدا دەربارەی نرخی نەوت بڕیار دەدەین. بەڕای من زیادبوونی نرخی نەوت شتێكی زۆر ئاساییە.

وەزیری نەوتی عیراق ئاشكراشیكرد، وڵاتەكەی رۆژانە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، كە لە باشووری عێراقەوە سێ ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل و لە هەرێمی كوردستانیشەوە 400 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن