شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا روو لە ئەڵمانیا دەكات

جیهان

26/11/2021     ژمارەی بینراو 207

راچڵەكین –

حكومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، شەپۆلی چوارەمی پەتای كۆرۆنا رووی لە وڵاتەكە كردووەو بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی پێوانەیی لە تووشبووان و گیانلەدەستدان تۆماركراوە.

ماوەی سێ رۆژە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی فراوان زۆربەی ناوچەكانی ئەڵمانیای گرتووەتەوەو بەگوێرەی نوێترین ئاماری پەیمانگەی رۆبێرت كوخ، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 76 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراوەو 357 كەسیش بەهۆی كاریگەریی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەهۆی مەترسی تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاكە، حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاری گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی توندی دەركردووە بۆ پاراستنی هاووڵاتییەكانی، یەكێك لەو رێكارانەش رێگریكردنە لە بەكارهێنانی هاتووچۆی گشتی لەلایەن ئەو كەسانەی كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، یاخود ئەنجامی پشكنینەكانیان نێگەتیف نییە.

هاوكات، لەچەندین ویلایەتی ئەڵمانیا، لەانەش براندنبۆرگ، ساكسۆنیاو باڤاریا، بازاڕەكانی فرۆشتنی پێداویستییەكانی جەژنی سەری ساڵ داخراو بڕیاریشدرا زۆرێك لە شوێنە گشتییەكان دەرگاكانیان بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتیاندا دابخرێت.

بەپێی نوێترین ئامار، ئەڵمانیا لەریزبەندی نۆیەمی وڵاتانی جیهان دێت لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا، كە تائێستا زیاتر لە پێ،ج ملیۆن و 658 هەزار حاڵەتی توشبوون و 100 هەزارو 999 حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێدا تۆماركراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن